هەورە بروسکەی توند و تاوە بارانی بەهێز بەرێوەیە

شارەزایەکی بواری کەشناسی ڕایگەیاند"سبەینێ لە  زۆربەی ناوچەکان ئەگەری چالاکبوونی ھەورە بروسکەی توند و تاوە باران بارانی بەھێز و بەخوڕ ئەبێت لەگەڵ بەرزبوونەوەی ئاستی ئاو لە نزمایەکاندا".

ئاراس جەبار شارەزای بواری کەشناسی دەربارەی کەشووهەوای سبەینێ ڕایدەگەیەنێت "سبەی دوو شەمە ٢٤-نیسانی-٢٠٢٣ بەھۆی کاریگەری نزمەپاڵەپەستۆی دەریای ناوەراست بۆ سەر ناوچە جیاجیاکانی ھەرێمی کوردستان ناجێگیری کەشوھەوا زیاتر ئەبێت بەتایبەت لە نێوان کاتەکانی نیوەرۆ بۆ ئێوارە لە زۆربەی ناوچەکان ئەگەری چالاکبوونی ھەورە بروسکەی توند و تاوە باران بەرێژەی جیاواز ئەبێت وە بەدیاری نەکراوی لەسەر بەشێک لەناوچە شاخاویەکانی پارێزگای دھۆک و ھەولێر و ئیدارەی راپەرین ئەگەری تاوە تەرزە و بارانی بەھێز و بەخوڕ ئەبێت لەگەڵ بەرزبوونەوەی ئاستی ئاو لە نزمایەکاندا".

ئاماژەی بەوەشکردووە،  پلەکانی گەرما لەناوچەکانی باشور و رۆژھەڵاتی ھەرێم بەجێگیری ئەمێنێتەوە لەسنوری پارێزگای دھۆک و ھەولێر و کەرکوک بەرێژەی ٤ تا ٦ پلە بەڕاورد بە ئەمڕۆ نزمدەبێتەوە ، خێرای با لەسەرخۆ بۆ مامناوەند ئەبێت بەخێرای ١٠ - ٣٠کم/س ئاراستەی با لەگۆڕاندا ئەبێت .

ئاراس جەبار ئەوەشی ڕوونکردەوە، کاریگەری ئەم ناسەقامگیریە لەکاتەکانی سبەی ئێوارەدا لەزۆربەی ناوچەکان کۆتای دێت تەنھا لەناوچەکانی رۆژھەڵاتی ھەرێم تا کاتی شەو بەردەوامی ئەبێت وە بەھۆی بەرزبوونەوەی رادەی شێ و نزمبوونەوەی زیاتری پلەکانی گەرما سبەی شەو تا کاتەکانی بەرەبەیانی سێشەمە ٢٥-٤ ئەگەری دروستبوونی تەم و مژ ئەبێت بەتایبەت لەناوچە شاخاویەکاندا.



AM:10:43:23/04/2023