به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی ئاسایشی هه‌ولێر زانیاری له‌باره‌ی ده‌ستگیركردنی بابان ئیبراهیم و عه‌لی سیاسی بڵاوده‌كاته‌وه‌

ئاسایشی هەولێر ڤیدیۆی دەستگیرکردنی تۆمەتباری کوشتنی کاوە بازیانی لەماڵی عەلی مەحموودا بڵاودەکاتەوە بەبێ شاردنەوەی ڕوخساری هەردوو دەستگیرکراوەکە.

ئەمڕۆ دوای ئەوەی لە میدیاکان بڵاوکرایەوە کە عەلی مەحموود نووسەر و چالاکوان لە لایەن ئاسایشەوە دەسگیراوە ئەو دەزگایە ڤیدیۆیەکئ بابان حەبیب تۆمەتباری کەیسی کوشتینی کاوە بازیانی لەگەڵ عەلی مەحموود کە بابان ئیبراهیم حەبیب لەماڵەکەیدا بوو بڵآوکردەوە.

سەرچاوەیەکی یاسایی ئاگادار بە سپی ڕایگەیاند "بەو پێیەی هەردوو دەستگیراوەکە هێشتا تۆمەتبارن نابێ وینە و ڤیدیۆیان بڵاوبکرێتەوە، ئەگەر بڵآویش کرایەوە دەبێت دەمووچاویان بشاردرێتەوە".

دەقی بڵاوکراوەکەی ئاسایشی هەولێر و قسەکانی هەردوو دەستگیراوەکە:


دوای ئەوەی لە رێککەوتی ٢٠ی نیسانی ٢٠٢٣  لە شاری سلێمانی نزیک قەزای تاسلوجە هاوڵاتییەک بە ناوی ( کاوە بازیانی) بریندار کراو دوای مانەوەی لە نەخۆشخانە گیانی لەدەستدا ، لەلایەن دادگای لێکۆڵینەوەی سلێمانی فەرمانی دەستگیرکردن بۆ تۆمەتباری ئەم رووداوە دەرچووە بەپێی ماددەی (٤٠٦) لە یاسای سزادانی عێراقی ، دوای ئەوەی زانیاریمان بەدەست گەیشت تۆمەتبارەکە بەرەو شاری هەولێر هەڵاتووە، دەستبەجێ لەلایەن هێزەکانمانەوە بەدواداچوون کراو تواندرا شوێنی تۆمەتبارەکە دەستنیشان بکرێت لە شاری (هەولێر/ گەڕەکی راستی) لە ماڵی هاوڵاتی ( عەلی مەحموود محەمەد) ناسراو بە ( عەلی سیاسی) خۆی حەشارداوە، دوای وەرگرتنی رەزامەندی بەڕێز دادوەری لێکۆڵینەوەی ئاسایشی هەولێر ، هێزەکانمان توانیان لە بەرەبەیانی رێککەوتی٢٥ نیسانی ٢٠٢٣ تۆمەتبار ( بابان ئیبراهیم حەبیب قاسم) دەستگیر بکەن و هەروەها هاوڵاتی ( عەلی مەحموود) دەستگیر بکرێت، کە لە ماڵەکەی خۆی تۆمەتبارەکەی داڵدەدابوو، بە ماددەی (٢٧١) لە یاسای سزادانی عێراقی ، بەپێی تایبەتمەندی تۆمەتباران رێکاری یاسایی بەرامبەریان گیراوەتەبەر و رەوانەی دادگای تایبەتمەند بەم تاوانە دەکرێن.

بەپێویستی دەزانین سوپاسی دانیشتوانی شاری هەولێر بکەین کە هەمیشە هەماهەنگ بوون لە پێدانی زانیاری بە دەزگا ئەمنییەکان ، هاوڵاتییانی خۆشەویستی هەولێر دڵنیادەکەینەوە کە هەمیشە هێزەکانمان چاوکراوەن و هیچ کەسێک لەسەرووی یاساوە نییە و ئامادەن بۆ  پاراستنی ماڵ و گیانیان و دەستگیرکردنی تاوانباران.‌



PM:05:49:25/04/2023