"ئەوەی دۆخی دارایی سلێمانی سەختتر کردوە دەستبردنە بۆ داهاتی ناوخۆی ئەو دەڤەرە"

نوسینگەی مەسرور بارزانی رایدەگەیەنێت"هەموو هەرێمی کوردستان بە دۆخێکی سەختی ئابوریدا تێدەپەڕێت، بەڵام ئەوەی دۆخی دارایی سلێمانی سەختتر کردوە دەستبردنە بۆ داهاتی ناوخۆی ئەو دەڤەرە، کە هەر خودی قوباد و کەسانێک لە ناو حیزبەکەی لێی بەرپرسیارن". 

نووسینگەی مەسرور بارزانی ئەمشەو چوارشەممە لە ڕاگەیەندراوێکدا وەڵامی قوباد تاڵەبانی و تیمی یەکێتی لە حکومەت دایەوە و ڕایگەیاند" ماوەیەکە دامودەزگا میدیایی و کەسانی نزیکی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکومەت، پرۆپاگەندەی ئەوە دەکەن، کە وەک هەڵوێستێک لە پێناو مافی مووچەخۆرانی سلێمانی بایکۆتی کۆبوونەوەکانی ئەنجوومەنی وەزیرانیان کردووە". 

ئاماژە بەوەشکراوە" ئەمەش ستەمێکی دیکەیە لە خەڵکی سلێمانی و هەڵەبجە و راپەڕین و گەرمیانی دەکەن، بەرگری لە مافی مووچەخۆرانی سلێمانی ئەرکی هەموو تیمە وەزارییەکانە و ئەگەر ستەمێک بەرامبەر بە خەلکی سلێمانی هەبێت، بەر لە هەر کەسێک وەزیرانی پارتی و گۆڕان و سوشیالیستیش قبوڵی ناکەن، بۆیە با موزایدە بەسەر خەلکی سلێمانییەوە نەکرێت". 

ئەوەش هاتووە" کێشەی نەهێشتنی سیولە چەندین مانگ بوو لە سنووری سلێمانی هەبوو و لێژنەی بەدواداچوونیش پێکهێنرابوو و کاریان لەسەر ئەو کێشەیە دەکرد و بڕیار بوو کۆبوونەوەیەکی تایبەت لەسەر ئەنجامەکانی کاری ئەو لێژنەیەش بکرێت، بەڵام کردەوەی تیرۆرکردنی هاوکار جاف ڕوویدا و ئەو پرۆسەیەی پەک خست، چونکە یەکسەر دوای داوای ڕادەستکردنی تۆمەتبارانی کردەوەکە، قوباد تاڵەبانی و تیمی وەزاری یەکێتی هەڵوێستیان وەرگرت و لە کۆبوونەوەکانی ئەنجوومەنی وەزیران کشانەوە". 

لە بەشێکی دیکەی ڕاگەیەندراوەکەدا ئەوەش هاتووە" هەموو هەرێمی کوردستان بە دۆخێکی سەختی ئابووریدا تێدەپەڕێت، بەڵام ئەوەی دۆخی دارایی سلێمانی سەختتر کردووە دەستبردنە بۆ داهاتی ناوخۆی ئەو دەڤەرە، کە هەر خودی قوباد و کەسانێک لە ناو حیزبەکەی لێی بەرپرسیارن، باشترکردنی ئەو دۆخەش تەنیا بە جێگیرکردنی سیستەمێکی پتەوی دارایی دەکرێت ئەویش بە جۆرێک کە تەنیا حکومەت چاودێرییەکی وردی لەسەر پرۆسەی کۆکردنەوەی گشت داهاتەکان هەبێت و ئەوجا ئەو داهاتانە بەشێوەیەکی دادپەروەرانە بخرێتەوە خزمەت هاوڵاتیانمان". 

ئاماژە بەوەشکراوە، کرۆکی کێشەی دارایی لە سنووری سلێمانی ئەوەیە کە پرۆسەی کۆکردنەوەی داهات شەفاف نییە و رێگەش نادرێت چاودێرییەکی مەرکەزی لەسەر ئەو پرۆسەیە هەبێت، شوێنی چارەسەری گشت ئەو کێشانەش تەنیا کۆبوونەوەکانی ئەنجوومەنی وەزیرانە، بۆیە ئەگەر قوباد تالەبانی و تیمەکەی هەست بە بەرپرسیاریەتی بەرامبەر خەڵکی سلێمانی دەکەن، با واز لە چەواشەکاری و خۆڵ لە چاوی خەڵک کردن بێنن و بگەڕێنەوە بۆ کۆبوونەوەکان و گفتوگۆیەکی بنیاتنەر بکەن. 


PM:10:26:26/04/2023