گوهدار زێباری سزادراوی بادینان لەسەر گۆڕینی لۆگۆی ئۆتۆمبیلەکەی ٥ مانگ زیندانی بۆ درێژکرایەوە


پارێزەری گوهدار زێباری کە یەکێکە لە سزادراوانی بادینان، رایگەیاند" لە دانیشتنی ئەمڕۆدا بە تۆمەتی گۆڕینی لۆگۆی ئۆتۆمبێلەکەی، دادگا سزای پێنج مانگ زیندانی بەسەر گوهدار زێباریدا سەپاند".

بەشدار حەسەن پارێزەری سزادراوی گوهدار زێباری کە یەکێک لە سزادراوانی بادینان بە رۆژنامەنووسانی راگەیاند " دادگای تێهەڵچوونەوەی هەولێر بە سیفەتی تەمییزی بڕیاری دا بە پەسەندکردنی سزای (گوهدار زێباری)، تەنها گۆڕانکاری هەموارکردنی سزاکەی بووە، لە ۷ مانگەوە بۆ ٥ مانگ حەبس کردن. سزاکەی تەنها لەسەر گۆڕینی لۆگۆی سەیارەکەی بووە لە شیڤرۆلێت بۆ تۆیۆتا، کە لە مێژووی عێراق دوای بەدواداچونم کەس لەسەر کاری لەو شێوەیە سزا نەدراوه".

پارێزەرەکە ئاماژەی بەوەش کرد کە لە دانیشتنی ئەمڕۆدا بەتۆمەتی گۆڕینی لۆگۆی ئۆتومبێل سزای گوهدار زێباری دراوە.
دەشڵێت " گوهدار زێناری لۆگۆی ئۆتۆمبێلەکەی نەگۆڕیوە بەڵکو کاتێک کڕیوویەتی خۆی ئەو لۆگۆیەی لەسەر بووە".

بڕیار بوو گوهدار زێباری مانگی رابردوو لەگەڵ سێ لە سزادراوانی بادینان دوای نزیکەی سێ ساڵ لە زیندانیکردن ئازاد بکرێت، بەڵام لەگەڵ شیروان شیروانی بە تۆمەتی جیاواز ماوەی زیندانییەکەیان بۆ درێژ کرایەوە.



PM:12:10:27/04/2023