سزای قورس بۆ ئەو كەسانەی چەكی بێ مۆڵەت هەڵدەگرن دەرچوو


بەرپرسێكی حكومەتی هەرێمی كوردستان رایدەگەیەنێت، هەر كەسێك لە دوای بەرواری ٢١ی تەموزی ئەمساڵەوە چەكی بێ مۆڵەتی پێ بگیرێت، لە ساڵێك تا سێ ساڵ بەند دەكرێت و لە دوو ملیۆن تا پێنج ملیۆن دیناریش سزای دارایی دەدرێت.

هێمن میرانی، بەڕێوەبەری گشتی دیوانی وەزارەتی ناوخۆ بە (فەرمانگەی میدیا و زانیاری) حكومەتی هەرێمی كوردستانی راگەیاندووە "رۆژی ٢١ی تەموزی ئەمساڵ وەك دوا كات بۆ تۆماركردنی چەكی بێ مۆڵەت دانراوە، پێشتریش بنكەكانی تۆماركردنی چەك ڕاگەیەنرابوون و بڵاوكرابونەوە، تا هاوڵاتیان چەكەكانیان تۆمار بكەن. 

ناوبراو روونیكردۆتەوە، لەدوای ئەو بەروارەوە هەر كەسێك چەكی بێ مۆڵەتی پێ بگیرێت، بەپێی ماددەی ١٥ لە یاسای ژمارە ٢ی ساڵی ٢٠٢٢، مامەڵەی یاسایی لەگەڵ دەكرێت؛ لە ساڵێك تا سێ ساڵ بەند دەكرێت و لە دوو ملیۆن تا پێنج ملیۆن سزای دارایی دەدرێت.

ئەم بڕیارە نوێیەی حكومەتی هەرێم لە كاتێكدایە لەم ماوەیەی رابردوودا چەندین رووداوی كوشتن بە چەكی بێ مۆڵەت ئەنجامدران.



PM:06:16:01/05/2023