پۆلیسی راپەڕین لەبارەی کوژرانی فرسەت مەلەکی ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە

پۆلیسی راپەڕین ڕایدەگەیەنێت" بە مەبەستی زانینی هۆکاری راستەقینە، لێکۆڵینە لە روداوی کوشتنی فرسەت مەلەکی دەکەین". 

بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی ئیدارەی راپەڕین لە پەڕەی فەیسبوکی خۆی ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە تێیدا هاتووە" بەرواری ٢ی ٥ی ٢٠٢٣ نزیک کاتژمێر (٧:٠٠)ی ئێوارە لەسەر رێگای سەرەکی نێوان چوارقوڕنە – هیزۆپ، تەقە لە هاوڵاتییەک، کرا، بە ناوی (ف،ق،ح) لە رەگەزی نێر کە کاتێک لەناو ئۆتۆمبیلەکەی خۆی دابووە، بەوهۆیەوە بریندار بوو، بەهۆی سەختی برینەکەی بەڕێکرا بۆ نەخۆشخانەی فریاکەوتنی سلێمانی، بەڵام لەبەر سەختی برینەکەی لە نەخۆشخانە گیانی لەدەستدا".

ئەوەش هاتووە" مەلەفی لێکۆڵینەوە بۆ روداوەکە کرایەوە، لێکۆڵینەوە دەستیپێکردووە و رێوشوێنی تەواو گیراوەتەبەر بە مەبەستی زانینی هۆکاری راستەقینەی رووداوەکە، لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە بەردەوامە".

هاوکات هەر ئەمڕۆ بنەماڵەی موراد کانی کوردەی لەسەر روداوی تەقەکردن لە فرسەت مەلەکی راگەیەندراوێکیان بڵاوکردەوە وئاماژەیان بەوەکرد کە" فرسەت مەلەکی لە ساتەوەختی تیرۆركردنی شەهید موراد دا وەك هاوڕێیەك هاوەڵی شەهید مورادی كردبوو بۆ نان خواردنی ئێوارە لە شاری رانیە، بەداخەوە لەو رووداوەدا شەهید موراد و سێ لە هاوڕێكانی شەهید دەكرێن و كاك فرسەتیش لە لایەن ئەو هێزەوە دەستگیر دەكرێت و دوای ماوەیەك ئازاد دەكرێت". 


PM:02:47:03/05/2023