وەزیری ناوخۆ رەخنە لە حكومەتی عێراق دەگرێت


رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی حكومەتی هەرێمی كوردستان رایدەگەیەنێت، حكومەتی عێراق لە پێشكەشكردنی هاوكاری بە ئاوارە و پەنابەران وەكو پێویست ئەركی خۆی جێبەجێ ناكات.

رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆ لە مەراسیمی كردنەوەی ناوەندێكی UNHCR بۆ هاوكاریكردن و پێشكەشكردنی خزمەتگوزاری بۆ پەنابەران ریەیندووە، پێشبینی دەكرێت ئەم ناوەندە خزمەتگوزاری پێشكەش بە زیاتر لە 100 هەزار پەنابەر بكات كە لە پارێزگای هەولێرن.

ناوبراو ئاماژەی بەوەكردووە، لە سەدا 50ـی ئەو پەنابەرانەی هاتوونەتە هەرێمی كوردستان، لە پاریزگای هەولێر نیشتەجێن، بەڵام بەداخەوە بارودۆخ هێشتا ئاسایی نەبووەتەوە و رێكارەكان وەك پێویست نین، بۆئەوەی پەنابەران لە هەرێمی كوردستان، ئارەزوومەندانە بگەڕێنەوە ناوچەكانی خۆیان.

رێبەر ئەحمەد داوای لە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی كردووە ئەركی هاوكاریكردنی پەنابەران بۆ حكومەت و خەڵكی هەرێمی كوردستان جێنەهێڵن.

هەروەها رەحنەی لە وەزارەتی كۆچ و كۆچبەرانی عێراق گرتووە و وتویەتی زۆر نابەرپرسانە مامەڵە لەگەڵ ئاوارە و پەنابەران لە هەرێمی كوردستان دەكات و وتویەتی "راستە عێراق وڵاتێكی دەوڵەمەندە و بودجەی زۆر گەورەی هەیە، بەڵام بەداخەوە لە بواری ئاوارە و پەنابەر ئەركی خۆی جێبەجێ ناكات".



AM:11:42:04/05/2023