بەهۆی بۆردومانی فڕۆکە جەگیەکانی تورکیاوە ژمارەیەک هاوڵاتی لە چیای گارە گیریانخواردووە

ئەمڕۆ دەوڵەتی تورکیا بۆردومانی سنوری قەزای ئامێدی کرد کە بەهۆیەوە ژمارەیەک هاوڵاتی لە ترسی بۆردومانەکە لە چیای گارە گیریانخواردووە. 

بەپێی زانیارییەکانی ماڵپەڕی (سپی میدیا)، نیوەڕۆی ئەمڕۆ پێنج شەممە فڕۆکە جەنگییەکانی دەوڵەتی تورکیا گوندەواری بناری چیای گارە لە سنوری قەزای ئامێدی بۆردومان کرد. 

بەپێی زانیارییەکان، لە شوێنی بۆردومانەکە دوو ئۆتۆمبێلی هاوڵاتییانی مەدەنی هەبوون کە چوونەتە ناو ڕەز و باخی خۆیان، بەهۆیەوە زیانێکی زۆری ماددی بەر ئۆتۆمبێلێکیان کەوتووە و ئیشی پێنەکراوە. 

لە ئێستاشدا ڕێگەی سەرەکی گوندەواری بناری چیای گارە بە تەواوی داخراوە ژمارەیەک هاوڵاتیش لە شوێنی بۆردومانەکە گیریان خواردووە و چاوەڕێن لایەنە پەیوەندیدارەکان ڕێگایان بۆ ئاسان بکەن و بێنە خوارەوە لە چیای گارە. 


PM:12:50:11/05/2023