پۆلیسی راپەڕین: باوەژنێك و خوشكەكەی، كچێكی 11 ساڵی دەخنكێنن


بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی راپەڕین رایدەگەیەنێت دوای دیارنەمانی كچێكی تەمەن 11 ساڵ، ئەمڕۆ تەرمەكەی لە زێی بچوك لە ناوچەی خاس دۆزرایەوە و دوای لێكۆڵینەوەش دەركەوت، باوەژنەكەی لەگەڵ خوشكێكیدا تۆمەتباری سەرەكین و خنكاندویانە.

پۆلیسی ڕاپەرین لەڕونكردنەوەیەكدا رایگەیاندووە، "دوێنی لە كاتی ئێوارە ژنێك بەناوی (ن،ع،ا) تەمەن 39 ساڵ دانیشتوی شاری هەولێر كە پێشتر بەسەردان هاتۆتەوە بۆ ماڵی باوكیان لە شاری قەڵادزێ، دوای دیارنەمانی زڕ كچەكەی سەردانی بنكەی پۆلیسی ڕاپەڕینی كردوە و هەواڵی داوە بەوەی كە زڕكچەكەی بەناوی (ئ،ئ،م) تەمەن 11 ساڵ دیارنەماوە و ونبوە، دەستبەجێ هێزەكانمان لە قەزای پشدەر دوای گرتنەبەری ڕێوشوێنی یاسایی دەستیان كرد بە لێكۆڵینەوە و بەدواداچون و كۆكردنەوەی زانیاری لەسەر دیارنەمانی كچەكە".

هەر بەپێی راگەیەنراوەكە "لەئەنجامی لێكۆڵینەوە كۆكردنەوەی زانیاری و بەدواداچون، دەركەوت كە ونبونی كچەكە گوماناویە، دوای چوار كاتژمێر بەسەر هەواڵی ونبونی، هێزەكانمان خوشكێكی باوەژنی تاوانلێكراویان دەستگیركرد كە ناوی (ه،ع.ا) تەمەن 15 ساڵە و دانیشتوی قەڵادزێیە، دوای ئەوەی لێكۆڵینەوەی لەگەڵ كرا لەبەردەمی پۆلیس و دادگا دانی ناوە بەوەی كە هەر پێشنیوەڕۆی دوێنی لەسەر ڕاسپاردەی خوشكەكەی، بەمەبەستی خنكاندنی كچە تەمەن 11 ساڵانەكە لەماڵی خۆیان بردویەتی بۆ زێی بچوك لە خاس، بەگەیشتنیان بۆ ئەو شوێنە لە قەراخ ئاوەكە پاڵی بەكچەكەوە ناوە بەمەبەستی خنكاندنی و بەو هۆیەشەوە خنكاوە".

وەك پۆلیس باسیكردووە "ئەو تۆمەتبارە دانی ناوە بەوەشدا كە ئەم تاوانەی ئەنجامداوە بەقسەی خوشكەكەی بوە كە دەكاتە باوەژنی كچە تەمەن 11 ساڵانەكە،  پێشتریش چەند جارێك هەوڵی كوشتنی ئەو كچەیان داوە، بەڵام هەوڵەكانیان شكستی هێناوە".

پۆلیسی راپەڕین روونیكردۆتەوە "بە وتەی باوكی كچە خنكاوەكە، كە دانیشوی شاری هەولێرە كاتێك كچەكە تەمەنی تەنها شەش مانگ بووە هەڵیگرتۆتەوە و بە یاسا كردویەتی بە كچی خۆی، كاتێكیش منداڵەكە تەمەنی بوە بە هەشت ساڵ، باوكەكە هاوسەرگیری لەگەڵ باوژنەكە كردوە، ئێستا سكاڵای هەیە لە دژی ژنەكەی و خوشكی ژنەكەی".

پۆلیس وتویەتی "مەلەفی لێكۆڵینەوە بۆ ڕوداوەكە كرایەوە و هەردوو تۆمەتبار كە هەردوكیان خوشكن بە بڕیاری دادوەر و بەپێی ماددەی 406 لە یاسای سزادانی عیراقی ڕاگیراون و لێكۆڵینەوەش لە ڕوداوەكە بەردەوامە".



PM:05:07:11/05/2023