دارایی هەرێم: پێویستە عێراق ٤٠٠ ملیار دیناری دیکە بۆ هەرێم بنێرێت هەتا کێشەی کورتهێنان نەمێنێت

وتەبێژی وەزارەتی دارایی هەرێم ڕایدەگەیەنێت" دواکەوتنی مووچەی مانگی ڕابردووی فەرمانبەران دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی بە ڕێژەی زیاتر لە ٢٥% کورتهێنان هەیە لە پارەی تەرخانکراو بۆ موچە"، دەشڵێت" ئەگەر حکومەتی عێراق ٤٠٠ ملیار دیناری تر بنێرێت بۆ هەرێم ئینجا کێشەی کورتهێنان نامێنێت". 

هونەر جەمال وتەبێژی وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێم بە دەنگی ئەمەریکای راگەیاند" پێشتر ٧٤٠ ملیار دینار لە پارەی فرۆشی نەوت دەهاتە وەزارەتی دارایی، ئێستا ئەو پارە نەماوە و نەوت راگیراوە، جگە لەو ٤٠٠ ملیار دینارەی نێردراوە، گەر عێراق ٤٠٠ ملیاری تر بنێرێت کێشەی کورت هێنانمان نامێنێت و دەتوانین موچەی مانگی نیسان دابەش بکەین". 

وتیشی" ٤٠٠ ملیارمان لەبەغدادەوە بۆ هاتووە، ٢٠٠ ملیاریش داهاتی ناوخۆ کە دەکاتە ٦٠٠ ملیار، بۆیە ئێمە بۆ موچە ٣٤٠ ملیار کورتهێنانمان هەیە". 

ڕاشیگەیاند" راستە ئەم مانگە موچە دواکەوتووە، بەڵام ئێمە ڕێککەوتنمان لەگەڵ عێراق هەیە تا کۆتایی ئەم مانگە بودجە پەسەند دەکرێت، ئەوکات گرفتی دارایی چارەسەر دەبێت و پشکی هەرێم ڕەوانە دەکرێت". 

بەپێی ئامارەکانی حکومەتی هەرێم، ژمارەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان گەیشتووەتە نزیکەی ملیۆنێک و ٣٠٠ هەزار فەرمانبەر و دابینکردنی مووچە بۆیان پێویستی بە نزیکەی ٩٠٠ ملیۆن دۆلارە لە مانگێکدا.

هەفتەی ڕابردوو وەزارەتی دارایی هەرێم ڕایگەیاند" حکومەتی عێراق بڕی ٤٠٠ ملیار دیناری لە ڕێگای بانکی ڕەشید و ڕافیدەینەوە ناردۆتە سەر هەژماری بانکی وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێم لە لقی هەولێری بانکی ناوەندی عێراق". 


AM:09:40:13/05/2023