سەرۆک کۆماری تورکیا دەڵێت"کێشەیەک بە ناوی کێشەی کورد لە تورکیا نەماوە"

شەوی رابردوو رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا و بەربژێری هاوپەیمانیی جمهوور بۆ پۆستی سەرۆککۆماری ئەو وڵاتە لە وەڵامی پرسیارێکدا لەبارەی پرسی کورد بە میدیاکانی وڵاتەکەی راگەیاند، "ھیچ کێشەیەکی پەیوەندیدار بە برا کوردەکانمان لە وڵاتەکاماندا نییە. کێشەکە بریتییە لە دەستبەسەرداگرتنی ویستی برا کوردەکانمان لەلایەن رێکخراوی تیرۆریستییەوە".
 
ئاکپارتی بە سەرۆکایەتیی رەجەب تەیب ئەردۆغان کە ئەوکات سەرۆک وەزیران بوو، ساڵی ٢٠٠٩ بەڵێنی چارەسەرکردنی پرسی کوردی دا و هەنگاوی کردەیی نا. ئەو سەرەتا بە قۆناخی بەدیموکراسیبوون و دواتر بە پرۆسەی چارەسەری درێژەی بە هەوڵەکان دا. حکومەت چەندین کۆبوونەوە و راگۆڕینەوەی لەگەڵ پارتی کرێکارانی کوردستان - پەکەکە بە شێوەی راستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ ئەنجامدا.

لە کۆبوونەوە ناڕاستەوخۆکاندا شاندێکی پارتی دیموکراتی گەلان - هەدەپە رۆڵی نێوەندگیرییان دەبینی؛ ئەوان سەردانی قەندیل و ئیمرالییان دەکرد و دواتریش بابەتەکانیان لەگەڵ حکومەت تاوتوێ دەکرد، بەڵام هەوڵەکان لە ساڵی ٢٠١٤ ساردبوونەوەیان تێدا دەرکەوت و دواتر شەڕ دەستی پێکردەوە.
 
بەشێک لە بەرپرسانی ئۆپۆزیسیۆن و هەندێک لە میدیاکانیش باس لەوە دەکەن کە ئەگەر ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی سبەی یەکشەممە لە بەرژەوەندیی ئاکپارتییدا نەبێت، ئەگەری گرژی هەیە، بەڵام رەجەب تەیب ئەردۆغان لە وەڵامی پرسیارێکدا وتی:"ئەوەی رێز لەو ئەنجامە نەگرێت کە لە سندووقەکان دەردەچێت، رێزی بۆ گەلیش نییە. ئێمە سازشمان لەسەر سەروەریی ویستی گەل نەبووە. هاوپەیمانیی جمهوور لەو پارتانە پێکهاتووە کە دیموکراسی قبووڵ دەکەن و هەموو ئەو ئەنجامانەش قبووڵ دەکات کە لە سندووقەکان دەردەچن". 

 سەرۆک کۆماری تورکیا راشیگەیاند، " رۆژی یەکشەممە، گەل نیشانی جیھانی دەدات کە وڵاتەکەی رادەستی رێکخراوە تیرۆریستییەکان ناکات. رۆژی ھەڵبژاردن ھەر تاکێکی ٨٥ ملیۆن ھاووڵاتیمان بە گەنج، پیر و ژن و پیاوەوە سەردەکەون. ئەو رۆژە ئەوانە سەردەکەون کە نزا بۆ تورکیا دەکەن. ستەملێکراوان و مافخوران لەسەرتاسەری جیھان سەردەکەون".
 
رۆژی یەکشەممە لە باکووری کوردستان و تورکیا هەڵبژاردن بۆ دەستنیشانکردنی ٦٠٠ پەرلەمانتار و سەرۆککۆمار بەرێوەدەچێت. رەجەب تەیب ئەردۆغان، بەربژێری هاوپەیمانیی جمهوور لە قوتابخانەی سەرەتایی سافێت چەبی لە ناوچەی ئوسکودار لە ئیستەنبووڵ دەنگ دەدات.
 
 


PM:04:52:13/05/2023