فراکسیۆنی یەکێتی: لەناو حەرەمی بازگەی ئاسایشدا هێرشکراوەتە سەر گەزنەیی

دوای تێپەڕبوونی ٢٤ کاتژمێر بەسەر تەقەکردن لە کاروان گەزنەیی ئەندامی پەرلەمانی کوردستان، فراکسیۆنەکەی یەکێتی راگەیاندنێکی بڵاوکردەوەو ئاشکرای دەکات " لەناو حەرەمی بازگەی ئاسایشی کۆیە تەقە لە کاروان گەزنەیی کراوە ".

لە راگەیاندنێکدا کە ئەمشەو ١٥ ی ئایار بڵاوکرایەوە، فراکسیۆنی یەکێتی لەگەڵ ئیدانەکردنی هێرش بۆ سەر کاروان گەزنەیی دەشڵێن" بەداخەوە شەوی رابردوو لە ناو حەرەمی بازگەی ئاسایشی کۆیە لەلایەن ھێزێکی چەکدار نامەردانە ھێرشکراوەتە سەر هەڤاڵ (کاروان گەزنەیی) ئەندامی فراکسیۆنەکەمان".

لە درێژەی راگەیاندنەکەدا هاتووە " ئێمە لە فراکسیۆنی سەوز لە پەرلەمانی کوردستان کاتێکدا زۆر بە توندی ئەو پەلامارە قێزەونە ئیدانە و ریسوا دەکەین، لە ھەمان کاتدا داواکارین لە لایەنە پەیوەندیدارەکان ھەرچی زووترە تاوانکارانی ئەم کردەوە قێزەونە دەستگیر بکرێن و سزای یاسایی وەربگرن". 

فراکۆسیۆنی یەکێتی داواش دەکەن دام و دەزگا ئەمنیەکانی ھەرێمە بەجدی و بەرپرسیارانە کاربکەن بۆ پاراستنی سەلامەتی ژیانی هاووڵاتیان و بەرپرسان بەبێ جیاوازی و رێگە بگرن لە دووبارە بوونەوەی کاری یاسا شکێنی و گێرەشێوێنی لەم جۆرە.

هێزەکانی بازگەی کۆیە تا دەرگەڵە سەر بەیەکێتی نیشتمانی کوردستانە. 




PM:10:13:15/05/2023