بە هۆی شەڕو پێكدادانەوە ٣٠ ملیۆن منداڵ لەخوێندن بێبەشن


رێكخراوی سندوقی منداڵانی نەتەوەیەكگرتوەكان "یونیسێف" رایگەیاند:"٣٠ ملیۆن منداڵی بەهۆی شەڕو پێكدادان دوورن لە خوێندنگا."

رێكخراوی سندوقی منداڵانی نەتەوەیەكگرتوەكان لە راگەیاندراوێكدا ئاماژە بەوە دەكات كە ٣٠ ملیۆن لەو منداڵانەی تەمەنیان گەیشتووەتە ئاستی پڕۆسەی خوێندن لە سەرتاسەری جیھان بەھۆی شەڕو پێكدادانەكانەوە لە پڕۆسەی خوێندن بەدورن.

بەپێی روونكردنەوەیەك لە لایەن یونیسێف بڵاوكراوەتەوە، لەگەڵ ھاتنی مانگی ئەیلول لە زۆرینەی وڵاتەكاندا منداڵان گەڕانەوە خوێندنگا، بەڵام بە ملیۆنان منداڵ بێبەش بوون لەو پڕۆسەیە. لە روونكردنەوەكەدا نزیكەی ٣٠ ملیۆن منداڵ بەھۆی ناسەقامگیری و رەوشی نائاسایی وڵات و شەڕو پێكدادانەكان نەیانتوانیوە بچن بۆ خوێندنگا و بە پێی بەیاننامەكە:"لەسەرجەم ئەو ناوچانەی كە شەڕی و پێكدادان تیادا روودەدا نیوەی منداڵانی ئەو ناوچانە لە خوێندنگا بێبەش كراون."

لە بەیاننامەكەی رێكخراوی یونیسێف دا ھاتووە،خوێندگاكان كراونەتە ئامانج، یەك لەسەر سێی خوێندنگاكانی ئەفریقای ناوەڕاست لە رێگەی بۆمبەوە تەقێنراونەتەوە و رووخێنراون یاخود لە لایەن گروپە چەكدارەكانەوە داگیركراون.

لە روونكردنەوەكەدا ھاتووە لە رۆژئاوای ئەفریقا بەھۆی بڵاو بوونەوەی نەخۆشی ڤایرۆسی ئێبۆڵا كاریگەری لەسەر پڕۆسەی خوێندن كردووە، لەناوچەكانی لیبیریا و سیەرالیۆن، خوێندكارانی قۆناغی ئاستی سەرەتایی و ناوەندی تا كۆتایی ساڵ دادەخرێ، بەو پێیە ٣ ملیۆن منداڵ لە خوێندن بە دوردەبن.



PM:03:19:09/09/2014