بافڵ جەلال تاڵەبانی: یەکێتی بە هەموو شێوەیەک ئامادەیە بۆ یەکگرتنەوە لەگەڵ گۆڕان

بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتی رایگەیاند" یەکێتی بە هەموو شێوەیەک ئامادەیە بۆ هەنگاونان بەرەو رێکەوتنێکی نوێ و یەکگرتنەوە لەگەڵ گۆڕان".

لە ساڵرۆژی کۆچی دوایی نەوشیروان مستەفا، ئەمڕۆ هەینی بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان سەردانی گردی زەرگەتەی کرد و لە پەیامێکدا رایگەیاند " ئەمڕۆ لە هەموو رۆژێک زیاتر دەمەوێت بۆ گۆڕان قسە بکەم، کاتێک کێوێکی گەورەی وەک کاک نەوشیروان مێژوو و ناسنامەتان بێت، هەست بە ئومێد دەکەم و هیوایەک هەیە بۆ داهاتوو، کەواتە ئەمە دەبێت هاندەرمان بێت بۆ هەنگاوی گەورەتر”.

باسی لەوەشکرد "لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەدا بافڵ جەلال تاڵەبانی هیوای خواستووە، گۆڕان و یەکێتی ئەو شاخە بن بۆ میللەتەکەمان، چونکە هەموو کەس ئەوە دەزانێت و حاشاهەڵنەگرە کە لە دوا پرۆژە و هەنگاوی سیاسی ژیانیان، سەرۆک مام جەلال و کاک نەوشیروان زۆر لە یەکەوە نزیک بوون تا ئاستی یەکگرتنەوە و هەنگاوی گەورەشیان ناوە".

سەرۆکی یەکێتی لە کۆتایی پەیامەکەیدا ئەوەی ئاشکراکردووە، ” یەکێتی بە هەموو شێوەیەک ئامادەیە بۆ هەنگاونان بەرەو رێککەوتنێکی نوێ و یەکگرتنەوە لەگەڵ گۆڕان، گومانم نییە کە دەتوانین ئامانج و خەونەکانی مام و کاک نەوشیروان بەدیبهێنین و پێکەوە تەواویان بکەین، ئەمەش رێگا دروستەکەی خەبات و گەیشتنە بە ئامانجە نەتەوەیی و کوردستانییەکان”.



PM:09:05:19/05/2023