بایدەمیر سەبارەت بە هەڵبژاردنەكانی توركیا پەیامێكی بڵاوكردەوە


عوسمان بایدەمیر، سیاسەتمەداری كورد رایدەگەیەنێت، هاوڵاتیان دەبێت لە هەڵبژاردنی 28ی ئایاری سەرۆكایەتی كۆماردا ڕێگری لە بە دامەزراوەیكردنی فاشیزمی ڕەها بكەن.

عوسمان بایدەمیر، سیاسەتمەداری كورد سەبارەت بە خولی دووەمی هەڵبژاردنەكانی سەرۆكایەتی توركیا رایگەیاندووە "سەرەتا سوپاسی ئەو كەسانە دەكەم كە دەنگیان بە ئاشتی و ئازادی و دیموكراسی دا و ئێمە هەموومان شایەتی ئەوەمان دا، كە هەڵبژاردنێكمان لە بارودۆخێكی نایەكساندا تێپەڕاند".

ناوبراو روونیكردۆتەوە "بەداخەوە ئێستا پەرلەمانی توركیا لە دەستی ئەو شەڕانگێزانەدایە، كە دەیانەوێت فاشیزم گەورەتر و بەهێزتر بكەن".

بایدەمیر وتیشی "هێشتا هەڵبژاردن تەواو نەبووە و مۆر و كاریگەری لە دەستی ئێوەدایە و هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار لە ٢٨ ی ئایاردا دووبارە دەكرێتەوە و ئێوە دەتوانن جاریكی دیكە بڕۆنەوە سەر سندوقەكان و لێپرسینەوە بكەن و ئێوە دەتوانن ڕێگری لە بە دامەزراوەیكردنی فاشیزمی ڕەها بكەن، چونكە ئێستا پەرلەمان لە دەستی هاوپەیمانیی جمهوریدایە".

ئەو سیاسەتمەدارەی كورد وتویەتی "دەنگدەرانی دەرەوەی وڵات لە نێوان ٢٠ بۆ ٢٤ ی مانگی ئایار دا مافی دەنگدانیان هەیە، بانگەوازی ئێمە ئەوەیە، كە نابێت هەرگیز فاشیزم بە دامەزراوەیی بكرێت، ئیمە دەتوانین لە یاسادانان و بەڕێوەبەریی خاوەن عەقڵیەتی جیاوازی سیاسیی دا هەناسە بدەین".

بایدەمیر روونیكردۆتەوە "ئێمە لەم قۆناغ و پرۆسەیەدا، داوا لە هەموو ئەو ناسراوان و دۆستانەمان دەكەین، كە نەچووبوون بۆ دەنگدان، بڕۆن بەشداری لە دەنگداندا بكەن. ئێمە نابێت ئەوەمان لەبیر بچێت، كە ئەم هەڵبژاردنانە بۆ ڕێگەگرتن لە فاشیزم و لێپرسینەوە لە فاشیزم ئەنجام دەدرێت".



PM:12:13:21/05/2023