لێدوانی هێمن هەورامی سەبارەت بەدانیشتنی ئەمڕۆی پەرلەمانی كوردستان


هێمن هەورامی، جێگری سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان رایدەگەیەنێت، هەموو هەنگاوەكانی ئەمڕۆی دانیشتنی پەرلەمانی كوردستان بەپێی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی كراوە.

هێمن هەورامی، جێگری سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند "ئێمە دوێنێ لەگەڵ سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان زۆر هەوڵماندا بڕگەی كاراكردنەوەی كۆمسیۆنیش بخرێتە بەرنامەی كارەوە، بۆ ئەوەی پێكەوە سەركەوتووبین لە هەنگاوە یاساییەكان بۆ كاراكردنەوەی كۆمسیۆن، ئەمڕۆش بە شێوەیەكی یاسایی و ئاسایی دانیشتنەكە كراوە".

ناوبراو ئاماژەی بەوەكردووە "سەرۆكی پەرلەمان سەرۆكایەتی دانیشتنەكەی كرد، بەڵام كاتێك داوایكرد دانیشتنەكە هەڵبگیرێت، ئەمە بە پێی ماددەی (48) دەسەڵاتی دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمانی كوردستانە، كە دەنگدانی ناو پەرلەمانی كوردستان ئایا لە دانیشتنی پەرلەمان بەردەوام بێت یان نا؟ لە كاتێكدا كە سەرۆكی پەرلەمان هیچ پاساوێكی نەبوو بۆ ئەوەی دانیشتنەكە دوا بخرێت، بۆیە دەنگدانی ئەندامانی پەرلەمانی كوردستان لەسەر بەردەوامیدان بە دانیشتنەكە لەسەروو رای دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمانی كوردستانە، چونكە دواجار ئەندامانی پەرلەمان بڕیار دەدەن."

هەروەها وتویەتی "كاتێك سەرۆكی پەرلەمان دانیشتنەكەی بەجێهێشت، بەپێی مادەی 19 لە پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی كوردستان، دەسەڵاتی جێگری سەرۆكی پەرلەمانە كە هەموو دەسەڵاتەكانی سەرۆكی پەرلەمان بۆ دەچێت، بۆیە ئێمەش داوامان كرد كە لە دانیشتنەكەدا بڕگەی سێیەم بخرێتە بڕگەی یەكەم و خرایە دەنگدانەوە و دواجار بە دەنگی 58 ئەندامی پەرلەمانی كوردستان پەسەند كرا".



PM:02:13:22/05/2023