عەلی باپیر: شكاندنی شكۆی دامەزراوەكانی هەرێم، هۆكاری پووكانەوەی هەرێمە


عەلی باپیر، سەرۆكی كۆمەڵی دادگەریی كوردستان رایدەگەیەنێت، شكاندنی شكۆی دامەزراوەكانی هەرێمی كوردستان، هۆكاری پووكانەوەی هەرێمە.

عەلی باپیر، سەرۆكی كۆمەڵی دادگەریی لە پەیامێكدا رایگەیاندووە "شكاندنی شكۆی دامەزراوەكانی هەرێمی كوردستان، هۆكاری پووكانەوەی هەرێم و بێ ئیعتیباركردنیەتی و، شیعاری بێ كرداریش دادی كەس نادات و هیچ دەردێك چارەسەر ناكات".

ناوبراو ئاماژەی بەوەكردووە "پێویستە بۆ مانەوە و بەردەوامیی هەرێم، هەموومان پابەندی پڕەنسیپ و یاسایەكان بین و، هیچ لایەنێك پەڕلەمان و حكوومەت بە هی خۆی و حیزبەكەی نەزانێ، چونكە لە ئەسڵدا هەرێم و دامەزراوەكانی هی هەموو خەڵكین".

عەلی باپیر روونیكردۆتەوە "سەپاندنی دۆخێكی تایبەت بەسەر هەرێمدا، دژی بنەمایەكانی تەبایی و پێكەوە ژیان و، سازانی نیشتمانیی و، ڕێز لەیەكدی گرتنەو، هیچ بەرهەمێكی چاكی لێ ناچنرێتەوە".

سەرۆكی كۆمەڵی دادگەریی وتویەتی "كەواتە: با عیبڕەت و پەند لە هەڵەكانی ڕابردوومان و شێوەی ئیدارەدانی خراپی وڵاتمان وەربگرین و، چیدی خۆمان ئیحڕاجی ئەملاولا نەكەین و، بزانین كە بەبێ ڕێككەوتن و سازانی نیشتمانیی لەسەر چۆنیەتیی هەڵبژاردن و هەمواركردنی یاسایەكەی و كاراكردنەوەی كۆمیسیۆن، كە هیچ گومانێك هەڵنەگرێ، هیچ چارەیەكی دیكەمان نیە".



PM:08:16:23/05/2023