مستەفا سەید قادر: پێویستە كاك مەسعود بارزانی فراوانتر بیربكاتەوە


مستەفا سەید قادر، جێگری سەرۆكی هەرێمی كوردستان رایدەگەیەنێت، كە پێویستە بارزانی، فراوانتر بكاتەوە بۆ ئەوەی كۆدەنگی لەنێوان لایەنەكان دروست ببێت.

مستەفا سەید قادر، جێگری سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە پشكی گۆڕان بە رۆژنامەی (هاوڵاتی) راگەیاندووە "پێویستە كاك مەسعود بارزانی فراوانتر بیربكاتەوەو هەوڵی جدیتر بدەن بۆ ئەوەی كۆدەنگی دروست بێت بۆ رێككەوتنی لایەنەكان  و كۆتاییهێنان بە كێشەكانی نێوانیان".

ناوبراو وتویەتی "دۆخێك هاتووەتە پێشەوە كە هەرێمی كوردستان لەوە زیاتر بەرگە نەگرێت، هەڵبژاردن دەكرێت، ماوەتەوە سەر مانگ و رۆژەكەی،  رەنگە زۆر دوانەكەوێت، ناڵێم لەو كاتەی كە سەرۆكی هەرێم دیاریكردووە، لە 18ی 11ی ئەمساڵ دەكرێت، چونكە لایەنە هونەرییەكان رەنگە كاتی زیاتری بوێت، پێشموایە لەم ماوەیەدا لایەنە سیاسیەكان دەگەنە رێككەوتنێك كاتێك دیاری بكەن و لەوكاتەدا بكرێت، چونكە فشاری نێودەوڵەتی هەیە".

رۆژی دووشەممەی رابردوو لە كۆبوونەوەی پەرلەمانی كوردستان گرژی لەنێوان پەرلەمانتارانی پارتی و یەكێتی لەسەر هەمواری یاسای هەڵبژاردن دروستبوو، بەڵام دواتر بە دەنگی 58 پەرلەمانتار كۆمسیۆنی هەڵبژاردن كارا كرایەوە، پارتی دەڵێت، ئەو دەنگدانە "یاساییە" و یەكێتیش بە "نایاسایی" دایدەنێت.

هەروەها دوێنێش بە واژووی هێمن هەورامی، جێگری سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان لە پشكی پارتی، دەقی كاراكردنەوەی كۆمسیۆن لە رۆژنامەی وەقائیعی كوردستان بڵاوكرایەوە و دەكەوێتە بواری جێبەجێكردنەوە.



PM:12:23:24/05/2023