کونسوڵخانەی ئەمەریکا لەهەولێر ڕاگەیاندراوێک بڵاودەکاتەوە

کونسوڵخانەی ئەمریکا لە هەولێر رایگەیاند "نرخی ڤیزە گرانکراوە، بەڵام بڕیارەکە ئەو کەسانە ناگرێتەوە کە پێش ٣٠ی ئەم مانگە داواکارییان پێشکەش کردووە".

ئەمڕۆ چوارشەممە، ٢٤ی ئایاری ٢٠٢٣ کونسوڵخانەی ئەمریکا لە هەولێر رایگەیاند: "لە رۆژی ٣ی ئەم مانگەوە پارەی پێشکەشکردنی داواکاری بۆ ڤیزەی ئەمریکا زیادکراوە".

روونیشیکردەوە کە نرخی ڤیزە بۆ گەشتیاران لە بوارەکانی (بزنس و گەشتیاری و خوێندن و پڕۆگرامە ئاڵوگۆڕەکان) لە ١٦٠ دۆلارەوە دەبێت بە ١٨٥ دۆلار.

ئەوەشی خستەڕوو کە پارەی ئەو ڤیزانەی لەسەر داواکاری خاوەنکار بۆ ڤیزەی کاتیی کار لە جۆرەکانی(ئێچ H، ئێڵ L، ئەو O، پی P، کیو Q، ئاڕ R) پێشکەش دەکرێن لە ١٩٠ دۆلارەوە دەبێت بە ٢٠٥ دۆلار.

لە راگەیەندراوەکەی کونسوڵخانەی ئەمریکادا هاتووە، کەسانەی کە پێش ٣٠ی مایس پارەیان داوە پێویست ناکات پارەی زیاتر بدەن تەنانەت ئەگەر کاتی چاوپێکەوتنەکەش بکەوێتە دوای ئەو بەروەروارە بە مەرجێک پسوڵەی پێدانی پارەکە بەسەر نەچووبێت.



PM:03:53:24/05/2023