دادگای فیدڕاڵی درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی کوردستانی هەڵوەشاندەوە

 دادگای فیدڕاڵی دڕیژکردنەوەی ماوەی پەرلەمانی کوردستانی هەڵوەشاندەوە بە نا دەستوری ناساندی.

ئەمڕۆ سێشەممە دادگای باڵای فیدڕاڵی عێراق بە فەرمی رایگەیاند، "بەپێی یاسای ژمارە ١ی ماددەی ٥١ی ساڵی ١٩٩٢، درێژ کردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان نا دەستوورییە".

ئاماژەی بەوەشدا، هەموو ئەو بڕیارانەی لە دوای بەسەرچوونی ماوەی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان لەو دامەزراوەیە دراوە هەڵدەوەشێنرێتەوە و ئەم بڕیارەی دادگای باڵای فیدڕاڵی عێراق لە رێکەوتی دەرچوونیەوە جێبەجێ دەکرێت.

بڕیارەکە لەلایەن دادوەر جاسم محەمەد عبود، سەرۆکی دادگای فیدڕاڵی عێراق خوێندرایەوە و رایگەیاند، "مافی هەڵبژاردن واتا مافی هاوڵاتییبون بۆ ئەوەی ببێتە کاندید یاخود دەنگدەر و هەمو مافە دەستوریەکانیش کە خۆی دەبینێتەوە لە پڕەنسیپەکانی دیموکراسیەت، ئەوەش سیستمی دەستوری عێراق پێوەی بابەندە و لەسەری وەستاوە بۆیە  بەپێی ماددەی ١٣ی دەستوری ساڵی ٢٠٠٥ی عێراق، دەستوری عێراق مافی پابەندبونی داوەتە هەمو ناوچەکان لە هەمو عێراق، ئەوەش وادەکات کە هیچ یاسایەک دابڕێژرێت کە دژی دەستور بێت، بەڵکو هەمو ئەو دەقانەی کە لە دەستوری هەرێمەکاندا دەنوسرێت بەپوچەڵ هەژمار دەکرێت ئەگەر دژی دەستوری عێراق بێت".

ئەوەشی خستەڕو، "ئەوەی لە پەرلەمانی کوردستانەوە دەرچوە لە دوای ئەو ماوە یاساییە بە پوچەڵ هەژمار دەکرێت لەڕوی دەستورییەوە و بڕیارەکەش بە زۆرینە دەرچو لە رۆژی ٣٠ی ٥ی ٢٠٢٣".

ئەو سکاڵایەی ئەمڕۆ دادگای فیدڕاڵی عێراق بڕیاری لەبارەوەدا لەلایەن د. یوسف محەمەد، سەرۆکی پێشوی پەرلەمانی کوردستان و شاسوار عەبدولواحید، سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ و کاوە عەبدولقادر، ئەندامی فراکسیۆنی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی کوردستان لەسەر سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان سەرەڕای ئەرکەکەی تۆمارکراوە.

پەرلەمانی کوردستان بەدەنگی پەرلەمانتارانی هەریەکە لە فراکسیۆنەکانی پارتی، یەکێتی، گۆڕان و پێکهاتەکان تاوەکو ٣١ی ١٢ی ٢٠٢٣ درێژکرایەوە، تائێستا پەرلەمانتارانی یەکگرتو دەستیان لەکارکێشاوەتەوە و کۆمەڵی دادگەریش نامەی دەستلەکارکێشانەوەیان پێشکەشکردوە.
 


PM:04:59:30/05/2023