پارتی بەفەرمی لەسەر هەڵوەشانەوەی پەرلەمانی كوردستان هاتە دەنگ


پارتی دیموكراتی كوردستان رایدەگەیەنێت "ئەوەی بۆ پارتیمان گرنگە ئەنجامدانی پرۆسەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستانە". 

مەحمود محەمەد، وتەبێژی پارتی دیموكراتی كوردستان رایگەیاندووە "لای هەموو لایەك ئاشكرایە كە پارتیمان، لە كاتی یاسایی و كۆتایی خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستاندا، هەموو هەوڵەكانی خستەگەڕ بۆ بەڕێوەچوونی پڕۆسەی هەڵبژاردن لەكاتی یاسایی خۆیدا، بۆ ئەم مەبەستەش لە كۆبوونەوە و سەردانی لایەنەكانی بەشدار لە پڕۆسەی سیاسی داوای هەنگاوی جدی لێكردن بۆ ئامادەكاریەكانی هەڵبژاردن بە گوێرەی تەوقیتاتی یاسایی دیاریكراو".

هەروەها وتویەتی "ئێستاش ناگەڕێینەوە بۆ باسكردنی هەنگاوەكان و بەخەمەوەبوونمان بۆ پڕۆسەكە، بەڵكو داوا لە هەموو لایەنەكان و هاووڵاتیانی كوردستانیش دەكەین هەریەكە و بە ئەندازەی بەرپرسیاریەتی خۆی هاوكار و ڕێخۆشكەربن بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنێكی پاك و بێگەرد".

وتەبێژی پارتی ئاماژی بەوەكردووە "هەروەها داوا لە حكومەت و دامودەزگا پەیوەندیدارەكان دەكەین هەنگاوی پێویست بهاوێژن بۆ سەرخستنی پڕۆسەكە، دووپاتی دەكەینەوە ئەوەی بۆ پارتیمان گرنگە ئەنجامدانی پرۆسەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستانە". 


ئەمڕۆ دادگای باڵای فیدڕاڵی عێراق بە فەرمی رایگەیاند، "بەپێی یاسای ژمارە ١ی ماددەی ٥١ی ساڵی ١٩٩٢، درێژ كردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی هەرێمی كوردستان نا دەستوورییە".



PM:07:15:30/05/2023