بە فەرمی ئەنجامى کۆتایى خولی دووەمی هەڵبژاردنى سەرۆک کۆمارى تورکیا راگەیەندرا

سەرۆکی دامەزراوەی باڵای هەڵبژاردنەکانی تورکیا ئەمڕۆ پێنج شەممکە ئەنجامى کۆتایى خولی دووەمى هەڵبژاردنەکانی سەرۆک کۆمارى وڵاتەکەی راگەیاند و بەپێی ئەنجامەکان ڕەجەب تەیب ئەردۆغان بە زیاتر لە دوو ملیۆن و ٣٠٠ هەزار دەنگ لە پێش کلیچدارئۆغلویە.

ئەحمەد یەنەر سەرۆکی دامەزراوەی دەستەی باڵای هەڵبژاردنەکانی تورکیا، ئەمڕۆ ١ی حوزەیرانی ٢٠٢٣ لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند"
 لە خولی دووەمی هەڵبژاردنەکانی ناوخۆی تورکیادا ٥٢ ملیۆن و ٩٣ هەزار و ٣٧٥ دەنگدەر چوونەتە سەر سندوقی دەنگدان کە رێژەی بەشداری ٨٥.٧٢٪ بووە، لە دەرەوەی تورکیاش یەک ملیۆن و ٩٣٩ هەزار و ٢٢٦ دەنگدەر دەنگیانداوە، واتە رێژەی بەشداری ٥٦.٣٤٪ بووە".

ئاماژەی بەوەشکرد، ٥٤ ملیۆن و ٢٣ هەزار و ٦٠١ هاوڵاتی لە ناوەوەو دەرەوەی تورکیا دەنگیانداوە، بەمجۆرەش ڕێژەی گشتی بەشداری لە هەڵبژاردنەکەدا ٨٤.١٥٪ بووە.

سەرۆکی دامەزراوەی باڵای هەڵبژاردنەکانی تورکیا ڕاشیگەیاند" بەپێی ئەو ئەنجامانە رەجەب تەیب ئەردۆغان (٥٢.١٨٪)ی دەنگەکانی بەدەستهێناوە کە دەکاتە ٢٧ ملیۆن و ٨٣٤ هەزار و ٥٨٩ دەنگ و کەمال کڵچدارئۆغڵوش (٤٧.٨٢٪)ی دەنگەکانی بەدەستهێناوە کە دەکاتە ٢٥ ملیۆن و ٥٠٤ هەزار و ٧٢٤ دەنگ".

وتیشی" بەپێی ئەنجامی هەڵسەنگاندنەکان ئەردۆغان بە جیاوازی دوو ملیۆن و ٣٢٩ هەزار و ٨٦٥ دەنگ، بووەتە براوەی هەڵبژاردنەکە و بۆ ماوەی پێنج ساڵی دیکە، وەک کۆماری تورکیا هەڵبژێردراوەتەوە.

بڕیارە کاتژمێر (٢:٠٠)ی پاشنیوەڕۆی ڕۆژی شەممەی هەفتەی داهاتوو ٣ی حوزەیرانی ٢٠٢٣ ئەردۆغان لە پەرلەمانی تورکیا سوێندی یاسایی بخوات، هەروەها کاتژمێر (١٠:٠٠)ی شەوی هەمان ڕۆژیش کابینەی نوێی حکومەتەکەی رادەگەێنێت.


PM:05:02:01/06/2023