ئەمڕۆ شێروان شێروانی لەبەردەم دادوەر چی وت؟


شێروان شێروانی، رۆژنامەنووس و چالاكوانی سزادراوی بادینان لەبەردەم دادوەر ئەو تۆمەتانەی رەتكردەوە كە جارێكی دیكە ئاڕاستەی كرابوون.

ئەمڕۆ بۆ جاری سێیەم شێروان شێروانی، رۆژنامەنووس و چالاكوانی  سزادراوی ناوچەی بادینان، لەسەر سكاڵای ڕائید دلدار زێباری، بەرپرسی جێبەجێكاری چاكسازی گەورانی هەولێر برایەوە بەردەم دادگای لێكۆڵینەوەی دەشتی هەولێر بۆ وتە وەرگرتن.

بەپێی زانیارییەكان، سكاڵای ناوبراو بەپێی ماددەی ٢٢٩ لەیاسای سزادانی عێراقی (هەڕەشە و إهانە) بە تۆمەتی ئەوەی گوایە شێروانی "هەڕەشەی لە ئەفسەرێكی زێرەڤانی" كردووە  و لەتۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبوك تەشهیری بە ناوبراو كردووە لەكاتێكدا شێروان لە زیندان هیچ مۆبایلێكی نییە!!".

شێروان شێروانی بە ئامادەبوونی محەمەد عەبدوڵای پارێزەرەكەی، ئەو تۆمەتانەی ڕەتكردەوە و ئاشكرایكردووە ئەوەی هەیە "بە پلانی ئەمنی و گێچەڵی یاسایی سیناریۆ دەزانێت".

شێروانی بە دادوەری راگەیاندووە "ئەمەش بەشێكە لە درامای ئەو پلانە ئاشكرایەی كە وەك چۆن بۆ ئەیاز كەرەم و پێنج دەستگیركراوی شیلادزێ كە دوای ئازادبوونیان كەیسیان بۆ كرایەوە هەروەها گوهدار زێباریش كە ڕۆژێك بەر لە ئازادبوونی بە گێچەڵێك پێنج مانگ سزادرا".

سەبارەت بە ئەو بابەتانەی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبوك لە پەڕەی هەریەك لە ڕەنجدەر گڕاوی و هێمن مامەند بڵاوكراونەتەوە شێروان ڕایگەیاندووە "من بەرپرس نیم و ئەسڵەن لە چاكسازی مۆبایلم نییە".

دەربارەی شاهیدەكانیش، شێروانی ئاماژەی بەوەكردووە "پاسەوانی تایبەتی سكاڵاكار خۆیەتی و لەكاتی قسەكردنی ئێمە بەهیچ جۆرێك لەو شوێنە ئامادەنەبوون و ڕەنگە ناچار كرابن شاهیدی بدەن و لەئەگەری نەدانی شاهیدی رووبەروی سزاببنەوە، ئەوەی بینرا وتەكانی هەردوو شاهید بە ڕوونی دژیەكیان پێوە دیارەبوو".

شێروانی لەبەردەم دادوەر، داوای تۆماری ڤیدیۆی كامێراكانی ناو چاكسازی كردووە كە وەك بەڵگە كە بەهیچ جۆرێك ئەو دوو شاهیدە كاتی خۆی و لەكاتی گفتوگۆی شێروان و ڕائید دلدار ئامادەنەبوون، هەروەها داوای وتەی دەستەی مافی مرۆڤی كردووە كە ئەوان ئامادەبوون لەكاتی بەشێك لە گفتوگۆكانیان كە بەهیچ جۆرێك "إهانە"ی نەكردووە، بەڵكو تەنها پرسیارێكی كردووە.




PM:07:11:01/06/2023