فیدراسیۆنی رێکخراوەکان لەبارەی کامێراکانی (پۆینت تو پۆینت) هەنگاوێکی نوێ دەگرنەبەر

فیدراسیۆنی رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی لەبارەی کامێراکانی (پۆینت تو پۆینت) داوایەک ئاڕاستەی شۆفێران دەکەن و دەڵێن" هەرکاتێک بە کامێرای پۆینت توو پۆیت سزا دران، راستەوخۆ پەیوەندیان پێوە بکەن بۆئەوەی پارێزەری خۆبەخشیان بۆ دابینبکرێت". 

لە بڵاوکراوەیەکدا فیدراسیۆنی رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی ئاماژەیان بەوەکردووە" پاش هەوڵەکانیان لەساڵی رابردو سەبارەت بەرەتکردنەوەی گرێبەستی دانانی کامێرای تیژڕەوی جێگیر لەلایەن کۆمپانیایەکەوە بەڕەزامەندی حکومەتی هەرێمی کوردستان و خستنەڕوی یاداشت سەبارەت بەنایاسایی بونی گرێبەستەکە و بەهەدەردانی سامانی گشتی لە جێبەجێکردنی گرێبەستەکەدا و پێچەوانەبوونی گرێبەستەکە لەگەڵ یاسای هاتوچۆ ژمارە ٨٦ی ساڵی ٢٠٠٤ و رەتکردنەوەی گرێبەستەکە بە هەمانشێوە لەلایەن وەزارەتی ناوخۆوە، بەڵام لایەنی پەیوەندیدار لە حکومەتی هەرێم بێ گوێدانە رای ئەنجومەنی پارێزگا و داواکاری گشتی و رێکخراوەکان و هاوڵاتیان، بەردەوام بوو لە جێبەجێکردنی گرێبەستەکە و خستنەکاری کامێراکانی تیژڕەوی جێگیر لە ٢٩ی ئایاری ٢٠٢٣".

دەشڵێن" ئێمە لە فیدراسیۆنی رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی ئاگاداری هاوڵاتیان دەکەینەوە، لە هەوڵەکانمان بۆ رەتکردنەوەی گرێبەستەکە بەردەوام دەبین و هەر هاوڵاتیەک پسوڵەی سەرپێچی بۆ کرا، بەهۆی سەرپێچی لە سیستمی خاڵ بۆ خاڵ، دوای وەرگرتنی پسوڵەکەی، پەیوەندی بەفیدراسیۆنەوە بکات، بەمەبەستی دابینکردنی پارێزەری خۆبەخش و گرتنەبەری رێکاری یاساییە دژی ئەو سیستمە لە دادگای پەیوەندیدار لە پێناو سەروەری یاسا و هەڵوەشاندنەوەی ئەو گرێبەستە کە بە ئاشکرا پێچەوانەی یاسایە و دەبێتە هۆی بە هەدەردانی سامانی گشتی". 


PM:02:20:02/06/2023