کوردەکان لە کوێی ئەمەریکا دەژین؟

ڕاپۆرت: گۆران دوکانی ـ ئەمریکا

بەشی یەکەم

پێشەکی

گومانی تێدانیە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا بۆ هەموو نەتەوە جياوازەکان گرنگترین ووڵاتی ستراتیژی سەرئەم زەمینەیە بۆ دروستکردنی لۆبی سیاسی و ئابوری و نەتەوەیی و فەرهەنگی و کەلتوری، بەڵام کورد لەمەشدا نەیپێکا! زۆرینەی کوردەکان لەنزمترین ئاستی ئەم ووڵاتە عوزمایەدا دەژین!

"کورد لەکوێی ئەمەریکا دەژی؟"

بەپێی زانیاریەکانی ماڵپەڕی The Tennessean نزیکەی 20 هەزار کورد بەتەنها لەشاری ناشڤێڵی ویلایەتی تێنسی دەژین، ئەمەش گەورەترین ڕێژەی دانیشتوانی کوردە Kurdish Community لە ئەمەریکادا ئەمە جگە لەشارەکانی دیکەی ویلایەتی تێنسی وەک شارەکانی مێمفس و ناکسڤێڵ و...هتد، شاری ناشڤێڵ کە بە کوردستانی بچووک Little Kurdistan ناسراوەو ماوەیەک لەمەوبەر بە دەستەخوشکی شاری هەولێریان ناساند، ناشڤێڵ پایتەختی ویلایەتی تێنسیەو هاوکات گەورەترین شاری ویلایەتەکەشە، بەڵام شاری ناشڤێڵ لەسەر ئاستی ئەمەریکادا 40هەمین شاری گەورەیە کەژمارەی دانیشتونی 1,315,000 کەسە بەپێی تازەترین ئاماری ساڵی 2023. ئەوەی پێویستە بیزانین شاری ناشڤێڵی ویلایەتی تێنسی کە گەورەترین ڕەوەندی کوردی لێیە لە کوێی پێشکەوتنەکانی ئەمەریکادایە؟

"ئابووری"

شاری ناشڤێڵ و دەوروبەری لەڕوی ئابووریەوە بەرهەمی گشتی ناوخۆیی Gross Domestic Product (GDP) یەکێکە لەو شارە ئابووری لاوازانەی ئەمەریکا کە لەڕیزبەندی ژمارە 29دایە، واتا نزمتر لە 50% بەمانایەکیتر لەکۆی 50 ویلایەت و شارو ناوچەی دیکەی ئەمەریکا 28 شوێنی باشتر لەڕوی ئابووریەوە لە شاری ناشڤێڵ هەیە.

"کەلتووری"

ویلایەتی تێنسی کە زۆرترین کورد لێ نیشتەجێیە خودی ئەمەریکیەکان خۆیان بە بەشێکی دانیشتوانی ئەم ویلایەتە دەڵێن هێڵبیڵی Hillbilly واتا خەڵکی شاخاوی و دەشتەکی دواکەوتو (هەرچەند ئەم وشەیە  نیگەرانیەکی زۆری لای بەشێک لە خەڵکی ئەمەریکا دروست کردوە)
"هێڵبیڵیەکان کێن؟"

هیڵبیلی Hillbilly زاراوەیەکە (زۆرجار سووکایەتیپێکردنە) بۆ ئەو کەسانەی کە لە ناوچە گوندنشین و شاخاوییەکانی ئەمریکادا دەژین، بە پلەی یەکەم لە ناوچەی ئەپالاچین. لەگەڵ کۆچکردنی خەڵک بۆ دەرەوەی ناوچەکە لە سەردەمی خراپیی ئابووریی گەورەدا، ئەم زاراوەیە لەگەڵ ئەوان بەرەو باکوور و ڕۆژئاوا بڵاوبووەوە. سەرچاوە: "ویکیپیدیا"

تێبینی/ ویلایەتی تێنسی و شاری ناشڤێڵ دەکەونە ناوچەی ئەپالاچینەوە کە ژمارەیەک لە هێڵبڵیەکانی تیادە دەژین.

هەروەها ویلایەتی تێنسی یەکێکە لەو ویلایەتانەی ئەمەریکا کەخەڵکانێکی Redneck ڕێدنێکی تێدا دەژی بەتایبەت شاری ناشڤێڵ و دەوروبەری.

"بەکێ دەوترێت ڕێدنێک؟"

مل سوور یان گەردن سوور Redneck زاراوەیەکی سووکایەتیپێکردنە بە شێوەیەکی سەرەکی، بەڵام بە تایبەت نییە، بۆ ئەمریکییە سپی پێستەکان بەکاردێت کە بە چەقۆکێش و نائاسایی هەستیان پێدەکرێت، پەیوەندییەکی نزیکیان بە سپیپێستە گوندنشینەکانی باشووری ئەمەریکاوە هەیە. ڕەنگە مانای ئەوان لە سووتاوی خۆرەوە سەرچاوەی گرتبێت کە لەسەر ملی جووتیاران دۆزرایەوە کە مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ کۆتایی سەدەی نۆزدەهەم. سەرچاوە: "ویکیپیدیا"

"گروپە کوردە مافیاکەی شاری ناشڤێڵ"

نەتەوەکانی دیکەی جیهان کە لەئەمەریکادا دەژین جگە لەوەی داهێنان و پێشڤەچون بەخۆیانەوە دەبینن هاوکات کاردەکەن بۆ پێکەوەژیان و ڕاهاتن لەناو ئەو ژینگە هەمەجۆرە سیاسیە، ئابووریە، کەلتوریە، فەرهەنگیەی ئەمەریکادا کەچی لەم شارەی ئەمەریکا کە زۆرترین ڕێژەی کوردی لێ نیشتەجێیە کۆمەڵێک چەتەو مافیای گەنجی کورد نازناوی کوردیان لای ئەمەریکیەکان بەگشتی و خەڵکی ویلایەتی تێنسی و شاری ناشڤێڵ ناشرین کردبوو بە دروستکردنی گروپێکی مافیای کوردی بەناوی (باندی شانازی کورد) Kurdish Pride Gang کە کاری ئەم گروپە کوشتن و چەتەو دزێتی و ڕێگری بوو بەرامبەر خەڵکی شارەکە، تاکو لەم ساڵانەی دوایدا لەلایەن پۆلیسەوە دەستگیرکران. لەهەمووشی سەیرتر بەشێک لەکوردەکانی شاری ناشڤێڵ شانازیان بەم تاقمە چەقۆکێش و مافیایەوە دەکرد.
ببینن گەورەترین ڕۆژنامە لەسەر ئاستی هەموو جیهاندا (نیویۆرک تایمز) چی دەربارەی ئەم گروپە مافیا کوردەی شاری ناشڤێڵ دەڵێت:
"دوای زنجیرەیەک تاوانی گەورەو خۆکوشتنی تۆمەتبارێکی هەرزەکار و چوار دەستگیرکردنی پەیوەست بەهەوڵی کوشتنی پۆلیسێک، باندی شانازی کورد بووەتە مایەی شەرمەزاری و بێزاری قووڵ!"

"سەلامەتی"

بەشێک لەشارەکانی ئەمەریکا هەر لەکۆنەوە بەشاری تاوانکاری ناسراون و بۆ ژیان کردن سەلامەت نین هەربۆیە گرنگە لەئەمەریکادا ئەو شارەی لێی دەژیت لەڕووی تاوانەوە شارێکی سەلامەتبێت هەروەک خودی ئەمەریکیەکان خۆیان شوێنی نیشتەجێبون و تەنانەت لە ئیش و کاروباری ڕۆژانەشدا بۆهەر شتێک دەڵێن: سەلامەتی پێش هەرشتە First Safety بەڵام لەویلایەتی تێنسیدا لەدوای شاری ناشڤێڵ شاری مێمفس دووەم شاری گەورەی ویلایەتەکەیە کەبەشێک لە کوردەکانی ویلایەتی تێنسی جگە لەشاری ناشڤێڵ لەشاری مێمفێس دەژین، لەکاتێکدا شاری مێمفێس بەپێی داتاکانی تاوان لە ساڵی 2023دا دووەمین شارە لەسەر ئاستی هەموو ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکادا کە زۆرترین ڕێژەی تاوانی تێدا ئەنجام دەدرێت!، شاری ناشڤێڵیش لەسەر ئاستی 100 ترسناکترین شاری ئەمەریکادا کە تاوانیان تێدا ئەنجام دەدرێت لەڕیزبەندی ژمارە 45دایە!، تەنانەت لە هەردوو شارە گەورەکەی ویلایەتی میزۆریشدا (سانت لیویس و کەنساس سیتی) کە ژمارەیەک کوردی زۆری لێ نیشتەجێیە بەڵام ئەم دوو شارە لە پلەی پێنجەم و شەشەم ترسناکترین شاردان لەسەر ئاستی هەموو ئەمەریکادا.

"پرسیار"

ئێستا زانیمان گەورەترین ڕەوەندی کوردی لەکوێی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکادا دەژین، لەکاتێکدا باسی نەتەوە ڕۆشنبیرو پێشکەوتوەکانی دیکەی جیهان ناکەین کە لەئەمەریکادا دەژین تەنها باسی چەند نەتەوەیەکی جیهانی سێهەم (هەژارنشین) دەکەین، بۆ نموونە: گەورەترین ڕەوەندی نیپاڵی و بەنگلادیشیەکان لە ئەمەریکادا لە شاری نیویۆرک سیتیە! گەورەترین ڕەوەندی ڤێنزویلیەکان لەشاری مەیامیە، گەورەترین ڕەوەندی فلیپینی لەشاری دایڵی کالیفۆرنیایە، تەنانەت گەورەترین ڕەوەندی ئەفغانی لەشاری فریمۆنتی کالیفۆرنیایە کە بەدووری تەنها 25 خولەک دەکەوێتە نێوان هەردوو شاری سان فرانسیسکۆی ناسراو بە شاری ئایتی لەسەر ئاستی جیهان و  دۆڵی سلیکۆن Silicon Valley کە دەکەوێتە شاری سان هۆزەی شوێنی دامەزراوە تەکنەلۆجیاکانی جیهان و گەورە کۆمپانیاکانی ئەمەریکا لە نموونەی گوگڵ و ئەپڵ و فەیسبووک و یاهۆو ئەمەزۆن و تێسڵاو سەنتەری زانکۆی ستانفۆردو سەنتەری توێژینەوەی ناسا. تەنانەت تورکەکان گەورەترین ڕەوەندیان دەکەوێتە شاری پاترسنی ویلایەتی نیوجەرسی کەتەنها 22 مایەڵ لە سەنتەری بازرگانی جیهانی نیویۆرکەوە دورە!، فارسەکانیش گەورەترین ڕەوەندیان لەشاری لۆس ئەجڵیسی ویلایەتی کالیفۆرنیایە.

سەرچاوەکان:

- ماڵپەڕی The Tennessean

- ماڵپەڕی Macrotrends

- ماڵپەڕی Wikipedia 

- ماڵپەڕی The New York Times 

- ماڵپەڕی World Population Review


PM:03:21:02/06/2023