حزب و لایەنە کوردستانییەکانی کەرکوک لەبارەی ڕەوشی پارێزگاکە هۆشداری دەدەن

حزب و لایەنە کوردستانییەکانی کەرکوک لەبارەی ڕەوشی پارێزگاکە هۆشداری دەدەن و دەڵێن" ئەگەر چارەسەری ئەم دۆخە نەکرێت، پارێزگاکە لە کۆنترۆڵ دەردەچێت و کارەسات ڕودەدات". 

حزبە کوردستانییەکانی کەرکوک لە بەیاننامەیەکدا ئاماژە بەوەدەکەن" وەک ئاشکرایە ڕۆژ لە دوای ڕۆژ ڕەوشی شاری کەرکوک بەرەو ئاڵۆزی و ناجێگیری سیاسی زیاتر هەنگاو دەنێت و بازنەی تەعریب کردنی شارەکە لە فراوانبووندایە و هەوڵەکان بۆ ئەم مەبەستە زیاتر چڕ کراونەتەوە".

دەشڵێن" ڕوداو و پێشهاتەکانی تۆپزاوا و پێشتریش، دەرجەری ناجێگیری ڕەوشی کەرکوکە، ئەگەر چارەسەری ئەم دۆخە نەکرێت، کەرکوک لە کۆنترۆڵ دەردەچێت و کارەسات ڕودەدات".

هەر لە بەیاننامەکەدا حزبە کوردستانییەکانی کەرکوک پێنج داواکارییان خستووەتە ڕوو کە بریتین لە:

١- دەستبەجێ ئەو ڕوپێویەی کە فەرمانگەی کشتوکاڵی کەرکوک لەسەر داوای وەزارەتی بەرگری عێراق ئەنجامی دەدات ڕابگیرێت. 

٢- هەرچی زووە نوێنەرانی کەرکوکع بە سەرجەم پێکهاتەکانیەوە هەوڵەکانیان چڕبکەنەوە بۆ پاراستی ئەو پێکەوە ژیانەی کە مێژوویەکی دورودرێژی هەیە لۆەم شارە، بە ثێچەوانەوە ئاشتی و کۆمەڵایەتی و پێکەوە ژیان لە بەردەم مەترسیدایە. 

٣- جێبەجێکردنی ماددەی ١٤٠ی دەستور تاکە چارەسەرە بۆ کێشەکانی کەرکوک و پێویستە هەوڵی جدی بۆ بدرێت و فشار لەسەر بەغداد دروست بکرێت چیتر هەوڵی خۆدیزینەوە لە جێبەجێکردنی نەدات. 

٤- پێویستە ئەرکی سوپا تەنها پاراستنی سنورەکان بێت و دوربێت لە دەستوەردان لە کاروباری ناوخۆیی و کێشە و ململانییە سیاسی و یاساییەکان. 

٥- پشتگیری تەواو لە جوتیارانی کورد و تورکمان دەکەین لە پاراستنی مافەکانیان و جێیان ناهێڵین. 


AM:11:35:05/06/2023