عەلی باپیر و سەعدی پیرە: دادگای هەولێر بە سیاسی کراوە

پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ دووشەممە شاندێکی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان لە هەولێر سەردانی سەرۆکی کۆمەڵی دادگەری کرد و لەبارەی دۆخی عێراق و هەرێمی کوردستان گفتوگۆیان کرد، هەروەها پەیوەست بە بڕیارەکەی دوێنێی دادگای هەولێر سەعدی پیرە ڕایگەیاند" دادگای هەولێر دادگایەکی سیاسییە و ئەسڵەن خەجاڵەتدەکێشم کە باسیشی بکەم". 

عەلی باپیر سەرۆکی کۆمەڵی دادگەری کوردستان، دوای کۆبوونەوەکە لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند" هەمووان لەسەر ئەوە کۆکن ئەگەر لەرابردودا کورد شتێکی بۆ کرابێت بە تەبایی و یەکڕیزی بۆی کراوە و هەر زیانێکمان لێکەوتبێت بەهۆی ناتەبایی و ناڕێکی لێمان کەوتوە". 

عەلی باپیر وتیشی" ئەوانەی لە کەوڵی خۆیان دەرچوون و خۆیان لە خەڵکی دیکە بە زیاد دەزانن، ئەو جۆرە عەقڵیەتە وازلێهێنن و چاومان خەڵک ببینێت و خەڵکی بەشخوراو ببینێت و چیتر چاومان لەوە نەبێت ملیاران دۆلار کۆبکەینەوە و باڵەخانە بەرزبکەینەوە".

لەبارەی بڕیارەکەی دادگای هەولێر بۆ لە سێدارەدانی ژمارەیەک فەرماندەی دژە تیرۆری یەکێتی، سەرۆکی کۆمەڵی دادگەری کوردستان ئاماژەی بەوەکرد" دەسەڵاتێکی ئاوا خراپ و دەستەمۆکراو شورەی و عەیبە لە نێو هەرێمی کوردستاندا".

هەروەها لای خۆشیەوە سەعدی ئەحمەد پیرە ئەندامی مەکتەبی سیاسی سەرۆکی شاندەکەی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان، لە کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەکەدا دەربارەی بڕیارەکەی چەند ڕۆژی ڕابردووی دادگای فیدراڵی عێراق دژی درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی کوردستان، ڕایگەیاند" خۆمان هۆکارین بۆ ئەوەی کە دادگای فیدڕاڵی بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمانی دەرکرد، لێبگەڕاینایە کە سەرۆک و جێگری پەرلەمان گفتوگۆیان بکردایە تاوەکو دەگەیشتنە رێککەوتن، دەبوو هەوڵبدەین لەو جۆرە هەڵوێستانە وانە وەربگرین".

پەیوەست بە بڕیارەکەی دوێنێی دادگای هەولێر، سەعدی پیرە وتی" دادگای هەولێر دادگایەکی سیاسییە و ئەسڵەن خەجاڵەتدەکێشم کە باسیشی بکەم، زۆرشتمان بێ کەڵک کردوە و پێموایە بەوجۆرە مەسەلەی دادگاش سوک دەکەین". 

وتیشی" ئێستا کاک کۆسرەت و مستەفا سەید قادر فەرمانی لە سێدارەدانیان هەیە ئەو کەسانە دەیان ساڵە جێگری سەرۆکی هەرێمن، ئەو جۆرە سزای لە سێدارەدانە چین؟".

هه‌ر له‌و ڕوه‌شه‌وه‌ عه‌لى باپیر سه‌رۆكى كۆمه‌ڵى دادگه‌رى کوردستان ڕاشیگەیاند" ده‌سه‌تێكى دادوه‌رى ئاوا ده‌سته‌مۆكراو، ئه‌سڵه‌ن عه‌یبه‌ بونی له‌ناو هه‌رێمى كوردستاندا".


PM:12:27:05/06/2023