وەزیری نەوت زانیاری نوێ سەبارەت بە دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم ئاشكرا دەكات


وەزیری نەوتی عێراق رایدەگەیەنێت، بۆ دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم لەڕێگەی توركیاوە، بەمزوانە شاندێكی وڵاتی توركیا سەردانی عێراق دەكەن.

حەیان عەبدولغەنی، جێگری سەرۆك وەزیران و وەزیری نەوتی عێراق لە چاوپیكەوتنێكی (رووداو) رایگەیاندووە، "راگرتنی هەناردەكردنی نەوت لە هەرێم و لە كەركوكەوە بەردەوام نابێت، دانوستاندن لەگەڵ لایەنی توركی هەیە بۆ دەستپێكردنەوەی هەناردە، پەنا بەخودا هیوادارین، بەم نزیكانە پێشوازی لە شاندێكی لایەنی توركی دەكەین، بۆ یەكلاكردنەوەی ئەو پرسە".
 
ناوبراو روونیكردۆتەوە "ئەو زیانەی كە بەو كۆمپانیایانە كەوتووە بە عێراقیش كەوتووە بەگشتی، عێراقیش رۆژانە نزیكەی 500 هەزار بەرمیل نەوت زیانی بەركەوتووە".
 
حەیان عەبدولغەنی، پێیوانییە هۆكاری وەستانی هەناردەی نەوتی هەرێم لەڕێگەی توركیاوە تەنها بەهۆی بومەلەرزەكەی رۆژی 6ی شوباتی توركیاوە بووبێت و دەڵێت "ئێمە پێمانوانییە ئەوە هۆكارەكە بێت، رەنگە هەندێ زیانی بەركەوتبێت، بەڵام بەو قەبارەیە نییە كە بەكارخستنەوەی پێویستی بەو ماوە زۆرە بێت، لەم گفتوگۆیانەی دواییدا هەواڵی خۆشیان دایە ئێمە و پێشبینی دەكەین لە ماوەیەكی كەمی داهاتوودا، دەست بە هەناردەكردن بكەینەوە".



PM:03:52:06/06/2023