سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان پەیامێكی بڵاوكردەوە


د. رێواز فایەق، سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان رایدەگەیەنێت "بودجەی گشتی عێراق پەسەندكرا، لە هەرێمەكەی ئێمەش دوو خولی پێنج ساڵی پەرلەمان كۆتایی پێهات و پەرلەمان و پەرلەمانتاران بە پاساوی نالۆژیكی لە جێبەجێكردنی گرنگترین ئەركیان مەحروم كران".

د. رێواز فایەق، سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان رایگەیاندووە "بودجەی گشتی عێراق پەسەندكرا، پیرۆزبێت لەو وڵاتەی كە لە خراپترین دۆخیشدا دامەزراوەكانی بەپێی دەستور و یاسا بەركارەكان ئەركی خۆیان جێبەجێ دەكەن، ئیرادەی سیاسی چەندە ناجۆر و ناسازیش بێت ئاراستەی كاری دامەزراوەیی ناگۆڕێت، سەرباری تێبینی و كەموكوڕیش هێشتا خەڵك بە ئومێدەوە لە دامەزراوەكانی ئەڕوانێت".

ناوبراو ئاماژەی بەوەكردووە "لە هەرێمەكەی ئێمەش دوو خولی پێنج ساڵی پەرلەمان كۆتاییپێهات و پەرلەمان و پەرلەمانتاران بە پاساوی نالۆژیكی لە جێبەجێكردنی گرنگترین ئەركیان مەحروم كران".

هەروەها دەڵێت "بەشی زۆری ئەو شەڕەی بردتانە بەغدا و كەس تێیدا سەركەوتو نەبوو، دەبوایە لە پەرلەمانەكەی خۆمان بكرایە و كوڕ و كچەكانی خۆتان یەكلاییان بكردایەتەوە و بەڵێنەكانی هەڵبژاردنیان جێبەجێ بكردایە، لێرە گۆشتی یەكتریشمان بخواردایە ئێسقانی یەكتریمان نەئەشكاند". 

ئەم پەیامەی سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان یەكەم پەیامی ناوبراوە دوای ئەوەی لە دوو هەفتەی رابردوودا دادگای فیدراڵی عێراق بڕیاریدا بە هەڵوەشاندنەوەی تەمەنی درێژكردنەوەی پەرلەمانی كوردستان لە رۆژی 6ی 11ی 2022ەوە.



PM:03:47:12/06/2023