لە سلێمانی کەس بە تای خوێنبەربوون تۆمار نەکراوە، دەرمانیشی نییە


بەڕیوەبەری گشتی تەندروستی سلێمانی رایگەیاند " کەس لە سلێمانی بە نەخۆشی تای خوێنبەربوون تۆمار نەکراوە"، هەروەها وتیشی " دەرمانی دژە نەخۆشی تای خوێنبەربوونمان نییە". 

ئەمڕۆ پێنجشەممە ١٥ ی حوزەیران لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی هاوبەش لە بارەی تای خوێنبەربوونەوەوە لە نێوان سەباح هەورامی بەرێوەبەری گشتی تەندروستی سلێمانی و، ئاوات محەمەد قائیمقامی سلێمانی سازکرا.

د. سەباح هەورامی ئاشکرای کرد کە تاوەکو ئێستا لە سلێمانی هیچ کەیسێکی توشبوو بە نەخۆشی پەتای خوێن بەربوون تۆمار نەکراوەو وتی" لە سلێمانی کەیسێکی گومانلێکراو هەبوو، بەڵام دوێنێ ئەنجامی پاشکنینەکەی گەڕایەوە و دەرکەوت پەتای خوێنبەربوون نییە". 

لە درێژەی قسەکانیدا وتی " چارەسەری پەتاکە تێچوویەکی زۆری پێویستە، کەسی توشبوو لەماوەی ١٠ رۆژدا پێویستی بە ٢٨٠ دەرزی هەیە کە نرخی هەر دەرزییەکی لەسەروو ٥٠٠ دۆلارەوەیە".

ئەو بۆ ئەلتەرناتیڤی ئەوە وتی " بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی سلێمانی بۆ رێگریکردن لە سەرهەڵدان و بڵاوبوونەوەی هەرنەخۆشییەک بەتەواوەتی پشتییان بەستووە بە لیژنەکانی قائیمقامییەتی سلێمانی و شارەوانی و بەرگری فریاکەوتن و هەموو ئەو لایەنانەی پەیوەندیدارن بەم کەیسەوە.

دەربارەی نزیکبوونەوەی جەژنی قوربان و قوربانیکردن ئاوات محەمەدی قائیمقامی سلێمانی " ئەو هاوڵاتییانەی بەنیازن قوربانی بکەن پێویستە دڵنیابن لەسەر گۆشتەکەیان، بە جۆرێک لە کوشتارگەکان ئەو گۆشت و ئاژەڵانە بکڕن کە پشکنینییان بۆ کراوە".
هەروەها رزگار عەلی بەڕێوەبەری خۆپاراستنی سلێمانی رایگەیاند، "دوکانی قەسابەکان پاکژدەکەینەوە لە هەفتەی داهاتووەوە و خولی هۆشیارییان بۆ دەکەینەوە".

تای خوێنبەربوون، 'پەتایەكی ڤایرۆسیی'یە واتە گوازراوەیە، بەهۆی تێكەڵاوبوون و لەڕێی ئاژەڵ و مێش و مەگەزەوە بۆ مرۆڤ دەگوازرێتەوە، هەروەها لە مرۆڤەوە بۆ مرۆڤیش دەگوازرێتەوە.

رێکخراوی تەندروستی جیهانی و وەزارەتی تەندروستی عێراق لە نیشانەكانی تای خوێنبەربوونی راگەیاندووە کە دڵ تێكهەڵاتن و رشانەوە، ئازاری جومگەكان، سكچون، تا، هیلاكی و لاوازی.



PM:12:52:15/06/2023