ڕێکخراوی هەنگاو ڕایدەگەیەنێت" لە میانەی شەڕ و تێکهەڵچونی چەکداری شەوی ڕابردوو لە نێوان هێزەکانی سوپای پاسداران و گەریلاکانی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پژاک) کە لە گوندەکانی ناوچەی مەریوان هاتە ئاراوە، ئەندامێکی سوپای پاسداران کوژرا".
ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو ڕایگەیاند" ئەو شەڕ و تێکهەڵچونە چەکدارییە ئێوارەی دوێنێ هەینی لە بەرزایییەکانی نێوان گوندەکانی دەرەتفێ و کانیسانان کە لە دوری حەوت کیلۆمەتری شاری مەریوانەوە هەڵکەوتون، دەستیپێکرد و تاکو کاتژمێر (١٢:٢٣) خولەکی درەنگانی شەو بە کاتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەردەوام بووە".
ئاماژەی بەوەشکردووە" شەوی ڕابردوو ئەندامێکی سوپای پاسداران کوژراوە، تەرمی ئەو ئەندامە بۆ نەخۆشخانەی فەجر لە مەریوان گواستراوەتەوە و دوو ئەمدامی هێزەکەش برینداربوون".
رێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو دەشڵێت" دوێنێ لە هەمانکاتدا دارستان و لەوەڕگەکانی چیای کۆساڵان کە دەکەوێتە نێوان گوندەکانی سلێن و ژیوار، سوتێندراون، خەڵکی ئەو گوندانە چوونەتە ئەو شوێنە بۆ کۆنتڕۆڵکردن و کوژانەوەی ئاگرەکە، بەڵام هێزەکانی سوپا ڕێگرییان لە خەڵک کردووە".