هۆكاری دەستپێنەكردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم ئاشكرا بوو

ئاژانسی ڕۆیتەرز دەستپێكردنەوەی گفتوگۆی نێوان عێراق و توركیا سەبارەت بە دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوت لە ڕێگەی بەندەری جەیهانەوە ئاشكرا دەكات و دەستپێكردنەوەی هەناردەكردنەكەش وابەستەی گفتوگۆی زیاتر دەكات لەسەر ئاستی سیاسی. 

ئەمڕۆ  دوو شەممە، ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز لە زاری بەرپرسانی كەرتی نەوتی عێراقەوە بڵاویكردەوە، "شاندێكی تەكنیكی توركیا لەگەڵ بەرپرسانی نەوتی عێراق لە بەغدا كۆبووەتەوە، بۆ مەبەستی تاوتوێكردنی دەستپێكردنەوەی هەناردەكردنی نەوتی هەرێمی كوردستان". 

بەرپرسێكی نزیك لە دانوستانەكانیش كە داوای كردبوو ناوی ئاشكرا نەكرێت، دەڵێت، "تاوتوێی سەرجەم لایەنە تەكنیكییەكانی پەیوەست بە دەستپێكردنەوەی هەناردەكردنی نەوت كراوە، بەڵام بڕیاری دەستپێكردنەوەی هەناردەكردنی نەوت هێشتا دەرنەچووە و دەبێت كۆبوونەوەی زیاتری لەبارەوە بكرێت". 

هەروەها وتی، "توركیا ئامادەیە دانوستان لەسەر بڕی قەرەبووەكە بكات و هەروەها داوای ڕوونكردنەوەی بابەتەكانی پەیوەست بە دۆسیەكانی تری ناوبژیوانی كردووە". 

بە وتەی ئەو بەرپرسە"بڕیاری دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوت پێویستی بە گفتوگۆیە لەسەر ئاستە سیاسییە باڵاكان، چونكە ئەو ئاستەنگانەی ڕێگرن لە دەستپێكردنەوەی هەناردەكردنی نەوت زیاتر سیاسیین نەك تەكنیكی".

هەوڵەكان بۆ دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم دواكەوتووە و هۆكارەكەی بۆ هەڵبژاردنی مانگی ڕابردووی سەرۆكایەتی توركیا و گفتوگۆكانی نێوان كۆمپانیای بەبازاڕكردنی نەوتی عێراق (سۆمۆ) و حكومەتی هەرێمی كوردستان سەبارەت بە ڕێكەوتنێكی هەناردەكردن دەگەڕێتەوە كە ئێستا نەگەیشتووەتە ئەنجام.


PM:07:34:19/06/2023