حزبەکانی دەسەڵات کار دەکەن بۆ کاراکردنەوەی پەرلەمانی کوردستان

سایتی رۆژنامەی (رێگای كوردستان) ڕایگەیاند، "لە ٣٠ حوزەیرانەوە پەرلەمانی كوردستان خۆی كارا دەكاتەوە و هەرێمی كوردستان پابەندی بڕیاری دادگای فیدراڵی نابێت".

ڕۆژی دووشەممە ١٩ی حوزەیرانی ٢٠٢٣ سایتی رۆژنامەی (رێگای كوردستان) زمانحاڵی فەرمی حزبی شیوعی كوردستان  ڕایگەیاند،"فراكسیۆنە عجیاجیاكانی پەرلەمانی كوردستان‌و حزبە سیاسییەكانی هەرێم، لە گفتوگۆی بەردەوامدان، بۆ ئەوەی پێش كۆتایی ئەم مانگە، بەهەڵوێستێكی هاوبەش بگەن بۆ بڕیاریی كۆتایی لەبەرانبەر بڕیاری دادگەی فیدڕاڵی عێراق بە هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمانی كوردستان".

لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە"ئەم هەڵوێستە لەوێوە سەرچاوە دەگرێت، كە خواستێك هەیە بۆ زیاتر لاوازكردنی هەرێم‌و هێشتنەوەی لە بۆشایی یاساییدا، بەتایبەت كە كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق ئامادەیی خۆی دەرنەبڕیوە بۆ سەرپەرشتیكردنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان".

باس لەوەشکراوە،  ئەگەر تا ٣٠ی حوزەیرانی ئەمساڵ، كۆمسیۆن هیچ وادەیەك رانەگەیەنێت، ئەوە دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمانی كوردستان پشووی خولی هاوینەی پەرلەمان رادەگەیەنێت‌و بەوەش واتە كارەكانی پەرلەمانی كوردستان درێژەی دەبێت.

ئاماژەش بەوەکراوە، لەبەرئەوەی سەرۆكی هەرێم ماوەی یاسایی بەسەرنەچووە، بۆی هەیە ئەنجومەنێكی سنوردار لە سەرجەم حزب‌و لایەنە سیاسییەكان‌و نوێنەرانی پێكهاتە جیاجیاكان، لەنێوانیاندا پارتی‌و یەكێتی پێكبێنێت، بۆ ئەوەی تا ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان سێ كار ئەنجام بدات كە بریتیین لە: 
دانانی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان.
پێكهێنانی كۆمسیۆنێكی كوردستانی بۆ سەرپەرشتیكردنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان.
ئامادەكردنی رەشنوسی دەستوری هەرێم‌و دەنگدان لەسەر رەشنوسەكە.



PM:09:00:19/06/2023