پەیوەندی نێوان پێرێز و ئەنچیلۆتی ئاڵۆز دەبێت

 ڕۆژنامەی ڕیلیڤۆ ڕایگەیاندووە، پەیوەندی نێوان کارلۆ ئەنچیلۆتی ڕاهێنەری یانەی ڕیال مەدرید و فلۆرێنتینۆ پێرێزی سەرۆکی یانەکە لەم ماوەیەدا بە قۆناغێکی گرژیدا تێدەپەڕێت.

 ڕیلێڤۆ ئاماژەی بەوەشکردووە، چەند هۆکارێک بووەتە هۆی دروستبوونی ئەم گرژییە، لەوانە بابەتی پەیوەندیدار بە ڕاهێنەر و بابەتی دیکەی پەیوەست بە ئاستی یانەکە لە بازاڕی گواستنەوەدا.

 بەرپرسانی یانەی ڕیال مەدرید ناڕازین بەوەی ناوی ڕاهێنەرەکە پەیوەندی بە سەرکردایەتی هەڵبژاردەی بەڕازیلەوە هەیە سەرەڕای ئەوەی ساڵێکی تەواو لە گرێبەستەکەیدا ماوە، سەرەڕای ئەوەی فلۆرێنتینۆ پێرێز بۆ میدیاکان دڵنیای کردووەتەوە کە ئەنچیلۆتی تا کۆتایی گرێبەستەکەی بەردەوام دەبێت لە ساڵی ٢٠٢٤.

ڕاپۆرتە ڕۆژنامەوانیەکانی بەڕازیل ئاماژەیان بەوە کردووە کە ڕێککەوتنێک لە نێوان ڕاهێنەری ئیتاڵی و یەکێتی تۆپی پێی بەڕازیلیدا کراوە، کە لە ڕێگەیەوە ڕاهێنەرەکە سەرکردایەتی تیپی سامبا دەگرێتە ئەستۆ، بەڵام دوای کۆتایی هاتنی گرێبەستەکەی لەگەڵ ڕیاڵ مەدرید.

 بەپێی زانیارییەکان، ئەنچیلۆتی لە مانگی یەکدا ڕیال مەدرید لە بڕیارەکەی ئاگادار دەکاتەوە.


 ئەنچیلۆتی داوا دەکات بۆ ئەوەی گرێبەستی گرنگ واژۆ بکرێت بۆ پاڵپشتیکردنی هێڵی هێرشبەری بۆ وەرزی داهاتوو، کە تا ئێستا ئەنجام نەدراوە سەرەڕای ئەوەی بەڵێنەکانی پێرێز بە گرێبەستی بەهێزەوە وەرگرتووە.

 ڕیلێڤۆ دەڵێت ڕاهێنەری ئیتاڵییەکە لەم بابەتە ناڕەحەتە و  یانەی ڕیال مەدرید تەنها براهیم دیاز و خۆسێلۆی لە هێڵی هێرشبەریدا هێناوە، سەرەڕای ڕۆیشتنی هەریەکە لە کەریم بنزیمە و ئەسینسیۆ و ماریانۆ دیاز و هازارد، چونکە لە ئێستادا تەنها خۆسێلۆ و دیاز و دووانە ڤینیسیۆس جونیۆر و ڕۆدریگۆ لە هێڵی هێرشبردندان.

 ڕۆژنامەی مارکای ئیسپانی بڵاویکردووەتەوە، پێرێز قەناعەتی پێگەیشتووە کە پێویستە چاوەڕێی ساڵی ٢٠٢٤ بکات تاوەکو گرێبەستەکەی پاریس سانجێرمان لەگەڵ کیلیان مباپێ کۆتایی دێت، دواتر بە خۆڕایی گرێبەستی لەگەڵدا بکات لەبری ئەوەی ژمارەیەکی زۆر پارە بدات بۆ ئەوەی ئێستا هاری کەین بگوازێتەوە.


AM:11:49:20/06/2023