دڵشاد شه‌عبان بۆ د.عێزه‌ت: با راستگۆبین و موزایه‌ده‌ نه‌که‌ین

جێگری سەرۆکی لیژنەی سامانە سرووشتییەکان ڕەتی دەکاتەوە کە تێچووی لیترێک بەنزین لەسەر حکوومەت (400) دینار بێت و لە هەر لیترێکیش حکوومەت نزیکەی (500) دینار قازانج بکات. دەشڵێت، "دەبێت لەگەڵ خەلک راستگۆ بین بە بێ مزایەدەکردن چونکە خەڵک لە ئێمە باشتر لەم دۆخەی ئێستای کوردستان تێ دەگات و تەحەمولی زرووفی خراپتریشیان کردووە."

له‌ میانه‌ی ئه‌و مشتومڕه‌ی له‌سه‌ر نرخی به‌نزین له‌نێوان په‌رله‌مانتارانی پارتی و یه‌کێتی و گۆڕان هاتۆته‌ ئاراوه‌، جێگری سەرۆکی لیژنەی سامانە سرووشتییەکان لە پەرلەمانی کوردستان (دڵشاد شەعبان)، به‌ ماڵپه‌ری فه‌رمی پارتی kdp.info ڕاگەیاند: بەپێی زانیارییەکانی لیژنەکەمان، رۆژانە لە هەرێمی کوردستان نزیکەی (140 هەزار) بەرمیل نەوتی خاو لە پاڵاوگەکان دەکرێتە (بەنزین، دیزل، کیروسین و نەفتا)، واتە لە هەر بەرمیل نەوتێکی خاو (کە لە 159 لیتر پێک دێت) ئەم پێداویستیانە بەم شێوەیە بەرهەم دێن:
35،5% دەبێت بە بەنزین، نزیکەی 55 لیتر. 32،2% دەبێت بە دیزل، نزیکەی 51 لیتر. 25،5% دەبێت بە کیروسین، نزیکەی 41 لیتر. 6،8 % دەبێت بە نەفتا، نزیکەی 11 لیتر.

ڕوونیشی کردەوە کە، "لەم بڕە لیترانە لە کاتی پاڵاوتندا نزیکەی (5-7) لیتر دەفەوتێت یا خود دەبێ بە هەڵم. واتە (159 لیتر – 5 لیتر = 154 لیتر دەبێتە پێوانەی (1) بەرمیل نەوتی خاو)، کەچی هاوکارم (د. عێززەت سابیر) لە هەندێ سایت و میدیاکان بڵاوی کردووەتەوە کە گوایە تێچووی (1) لیتر بەنزین لەسەر حکوومەت (400) دینارە و حکوومەت لە هەر لیترێک نزیکەی (500) دینار قازانج دەکات، بە حیساباتی بەڕێزیان تێچووی (1) بەرمیل نەوتی خاو ( 30 $ تێچوو و قازانجی کومپانیا + 17 $ کرێی پاڵاوتن + 3$ کرێی گواستنەوە = 50 $ کۆی تێچووی بەرمیلێک، 50 $ / 155 لیتر (بەرمیلێک ) = 0،32 سەنت * 1200 دینار = 400 دینار تێچووی (1) لیتر بەنزین لەسەر حکوومەت)."

(دڵشاد شەعبان) گوتیشی، "ئەم نرخە لە کاتێکدا تێچووی (1) لیتر بەنزین دەبێ کە هیچ کەرتی تری حکوومەت پێویستی بە ئەم بەرمیل نەوتە خاوە و بەرهەمەکانی نەبێ لە سێکەرە جیاجیاکانی تری حکوومەت لەبەر ئەوە دەبێ بەم شێوەیە حیساب بۆ تێچووی هەر بەرمیل نەوتێکی خاو و بەرهەمەکانی بکرێ: ئەو رێژەیەی کە بۆ پاڵاوتن دیاری کراوە ( استهلاک محلی ) رۆژانە نزیکەی ( 140000 ) بەرمیلە، واتە لەم رێژەیە حیساب بۆ (بەنزین و دیزل و کیروسین دەکرێ بۆ بەکارهێنانی لەلایەن هاووڵاتیان و کۆمپانیا و هۆتیل و سەموونخانەکان و لە هەمویان گرینگتر بۆ دابینکردنی کارەبا کە ساڵانە تەنیا ئەم سێکتەرەی کارەبا تێچووی لەسەر حکوومەت بە 4 ملیار دۆلار خەمڵێنراوە)، واتە لە هەر بەرمیل نەوتێکی خاو بۆ ئەم سێکەرانە نزیکەی ( 25 – 30 % ) تریش  دەبێت بە تێچوو (کلفە) لەسەر حیسابی تێچووی هەر یەکەلە (بەنزین و دیزل و کیروسین)، بۆیە تێچوووەکە بەم شێوەیە دەبێ حیساب بکرێت: (بەرمیل نەوتی ستاندارد پێک دێت لە 159 لیتر – 5 لیتر هەڵم – 30 % بۆ کارەبا و سێکتەرە جیاجیا کانی تر  0،3 * 159 لیتر = 106 لیتر دەبێتە قیاسی 1 بەرمیل، بۆیە ئەگەر تێچووی ( 1 ) بەرمیل نەوت: 35 $ تێچوو و قازانجی کومپانیا + 17 $ کرێی پاڵاوتن + 3$ کرێی گواستنەوە = 55 $ کۆی تێچووی بەرمیلێک، واتە 50 $ /  106 لیتر بۆ هەر بەرمیلێک = 0،52 سەنت * 1200 دینار =  620 دینار تێچووی هەر لیترێک "بەنزین + دیزل + کیروسین" لەسەر حکوومەت)".
دەشڵێت، "ئەوەی من دەمەوێ ئاماژەی بۆ بکەم ئەوەیە کە دەبێ هەموومان پێکەوە کار بکەین بۆ ئەوەی لەم قەیرانە رزگار بین، هەر کاتێ لەگەڵ خەلک راستگۆ بین بە بێ مزایەدەکردن، ئەوا خەڵک لە ئێمە باشتر لەم دۆخەی ئێستای کوردستان تێ دەگات و تەحەمولی زرووفی خراپتریشیان کردووە، خەڵک چاوەڕیی ئێمەیە بە تایبەتی ئەو پەرلەمانتارانەی کە تایبەتمەندن لە بواری دارایی و ئابووری و کارگێڕیدا، پێکەوە کارێک بکەین کە چۆنچۆنی ئەم هەموو تێچووانەی حکوومەت لە چوارچێوەیەکی پیشەیی و زانستیدا کەم بکەینەوە لە هەموو سێکەرەکانی حکوومەتدا وەکو کارەبا و خوێندن و تەندروستی و کومەڵایەتی و گەیاندن و کشتوکاڵ و رێگەوبان و.. هتد و کاری جیددی بکەین بۆ لەناوبردن و کەمکردنەوەی خانەنشینکردنی نایاسایی و رێکخستنی یەکەی 70 و 80-ی پێشمەرگە و رێزگرتن لە بڕیاری پەرلەمان و سەرۆکی هەرێم لەم بوارەدا، چاکسازیی ئیداری لە سیستەمی دارایی و بەڕێوەبردن و کەمکردنەوەی جیاوازی گەورە لە سیستمی مووچەدا و.. تا دوایی".

ئەو هەروەها ئاماژەیشی دا کە، "ئەمانە هەموو ئەرکی ئێمەی پەرلەمانتارن، بەڵام ئەمە بە ئیرادەیەکی یەکتیمی بەدی دێت، خەڵک ئیتر لێمان قبووڵ ناکات و لە هەموو شتێک باش تێ دەگەن، دەمەوێ ئەمە بانگەوازێک بێت بۆ هەموو لایەنە سیاسییەکان بە تایبەت ئەوانەی لەناو حکوومەتدان کە بڕیاری چاکسازی بدەن و هەموو پێکەوە تەحەمولی ئیجابیات و سلبیاتی بڕیارەکان بکەن بە بێ ئەوەی لە رێگەی فڕاکسیۆنەکانی ناو پەرلەمان و حیزبەکانیان مزایەدات لەسەر حیسابی خەڵک بکەن".


AM:12:11:14/09/2014