مباپێ نیە.. ڕیاڵ مەدرید سەرنجی لەسەر گرێبەستێکی نوێی هێرشبەرییە

لە ڕاپۆرتێکی ڕۆژنامەوانیدا ئارەزووی ڕیال مەدرید بۆ بەدەستهێنانی خزمەتگوزارییەکانی ئاردا گولەری تورکی، ئەستێرەی تورکی فەنرباخچە، لە ماوەی گواستنەوەی هاوینەی ئێستادا ئاشکرا دەکرێت.

 یانەی شاهانە ئامانجی بەهێزکردنی ڕیزەکانیەتی  بە گرێبەستە نوێ و گەنجەکان، ئەمەش دوای ڕۆشتنی کەریم بنزیمە و مارکۆ ئەسینسیۆ و ئیدن هازارد.

 بەگوتەی ڕۆژنامەنووس خۆسێ فیلیکس دیاز لە ڕۆژنامەی مارکا، یانە شاهانەییەکە لە ئێستادا گرنگی بە گواستنەوەی ئاردا گولەری تورکی دەدات، زیاتر لە کیلیان مباپێ، ئەستێرەی یانەی پاریس سانجێرمان.

 لە ڕاپۆرتەکەدا ئاماژە بەوە کراوە کە ڕەنگە گولەر لەم هەفتەیەی ئێستادا بڕیارێک سەبارەت بە داهاتووی خۆی بدات، چونکە هەموو شتێک ئاماژە بەوە دەکات کە لە هاوینی ئەمساڵدا یانەی فەنرباخچە جێدەهێڵێت، لەگەڵ ئەوەشدا ڕیال مەدرید وەک یەکێک لە شوێنە ئەگەرییەکانی لە وەرزی داهاتوودا دەردەکەوێت.

 بەپێی خەمڵاندنەکان بۆندەکەی  تەنها نزیکەی ١٧ ملیۆن و ٥٠٠ هەزار یۆرۆی تێدەچێت، کە بەهای  بڕگەی  هەڵوەشانەوەی گرێبەستەکەیەتی لەگەڵ یانە تورکییەکە، کە نرخی گواستنەوەی گونجاوە بۆ هەر یانەیەکی ئەوروپی.

 ڕۆژنامە بەناوبانگەکەی ئیسپانیا دووپاتیانکردەوە کە ڕەنگە گولەر لەم وەرزەدا بۆ هاندەرانی ڕیاڵ مەدرید سوپرایز بێت.
 بەتایبەت کە ستافی ڕاهێنەرایەتی یانەکە متمانەیان بە تواناکانی لاوە تورکیەکە هەیە، بەو پێیەی دەتوانێت لە باڵی ڕاست و تەنانەت لە پێگەی هێرشبەری هێڵی ناوەڕاستیشدا بەشداری بکات.

 گولەر تەمەنی تەنها 18 ساڵە، لە نێو هاندەرانیشدا نازناوی "مێسی تورکیا”ی لێنراوە، بەهۆی ئەو بەهرە گەورەیەی کە خاوەنییەتی.


PM:11:26:27/06/2023