مەسرور بارزانی لەناو پێشمەرگە لە سنوری کەرکوک دەڵێت: تاکە پارێزەری هەرێم پارتییە

ئەمڕۆ هەینی ٣٠ی حوزەیرانی ٢٠٢٣ سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان (ماوە بۆدرێژکراوە)، سەردانی هێزەکانی پێشمەرگەی لە میحوەری پردێ کرد و ڕایگەیاند" دوای ڕووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەر میحوەری پردێ نەیهێشت قەوارەی هەرێم تێکبدرێت"، وتیشی" پارێزەری هەرێمی کوردستان پارتییە". 

مەسرور بارزانی لە میانی سەردانەکەی وتارێکی پێشکەش کرد و ئاماژە بەوەکرد" هەرێمی کوردستان هەمیشە پابەندە بە دەستور و ئەو ڕێککەوتننانەی بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ واژۆکراون و لە هەمانکاتدا دەستبەرداری مافە دەستورییەکانیشی نابێت".

هەروەها بارزانی باسی لە کێشەی دەستبەسەرداگرتنی زەوی و زاری جوتیارانی کورد و تورکمانی لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم کرد، بەو پێیەی لە پەیوەندیدایە لەگەڵ سەرۆکی حکومەتی فیدراڵی و داوای کۆتاییهێنان بەو پێشێلکارییە نادەستوورییانە کرد و سەرۆک وەزیرانی فیدراڵیش هەندێک ڕێکاری گرتەبەر بۆ چارەسەرکردنی کێشەکە، هاوکات جەختیشی لە چارەسەرکردنی کێشەکانی ئەو ناوچانە کردەوە لە چوارچێوەی ماددەی (١٤٠)ی دەستوور. 

وتیشی" دەزانم ئەم میحوەرە میحوەرێکی سەرەکی بووە بۆ پاراستنی قەوارەی کوردستان، دوای ئەوەی خیانەتی (١٦)ی ئۆکتۆبەر کرا، ئێرە رێگر بوو لەوەی ئەم پلانە پیسە سەربکەوێت و قەوارەی کوردستان تێکبدات". 

دەقی وتارەکەی مەسرور بارزانی: 

بەناوی خوای گەورە و میهرەبان

بەڕێزان زۆر زۆر سوپاس کە ئامادەبوون و رێگەتان دا بێین سەردانی ئێوە بکەین ئەمڕۆ لە رۆژی جەژن، کە دەبینین خەڵک لە ماڵەکانی خۆیان جەژن دەکەن لە سایەی زەحمەت و خەبات و ماندووبوونی ئێوەیە، کە ئێوە سەنگەرەکانتان پاراستووە، کوردستانتان پاراستووە، بۆ ئەوەی ئێمە بتوانین بە ئارامی و خۆشی جەژن بگێڕین، حەقیقەت ئەمە جێی دەستخۆشی هەموو لایەکە.

دەمویست لە نزیکەوە بێم لە خزمەتی ئێوە بم و پیرۆزبایی جەژنتان لێ بکەم، دەستخۆشیتان لێ بکەم و لەنزیکەوە یەکتر ببینینەوە. پێشتر لەوانەیە زۆر لە ئێوەمان بینیوە، وەختی زۆر ناخۆش، دەزانم کە ئەم میحوەرە، میحوەرێکی زۆر زۆر سەرەکی بووە، بۆ پاراستنی قەوارەی کوردستان، دوای ئەوەی خیانەتی 16ـی ئۆکتۆبەر کرا. ئێرە رێگر بوو لەوەی ئەم پلانە پیسە سەربکەوێت و قەوارەی کوردستان تێکبدات. ئەمە جێگەی دەستخۆشییە کە ئێوە توانیتان زاڵبن بەسەر ئەو هەموو پیلانە خراپانەی کە لەلایەن ناحەزانەوە بۆ هەرێمی کوردستان دارێژرابوون و بەردەوامن لەوەی کە کوردستان بپارێزن.

ئینشائەڵڵا هەموو ئاواتی ئەم نەتەوەیە دێتە دی و ئەو ناوچانەی کە تاوەکو ئێستاش لەژێر دەستی ئێمە نین ئەوەی پێیان دەگوترێت ناوچە کێشەلەسەرەکان یان ناوچەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان، ئەوانەش پێمانخۆشە بە شێوەیەکی ئاشتییانە و  بەجێبەجێکردنی ماددەی 140ـی دەستوور، ئەوانەش جارێکی تر بەخۆشی بگەڕێنەوە باوەشی کوردستانی خۆشەویستمان.

ئێمە هەمیشە پابەندین بەو دەستوورە و رێککەوتنە ئاشتییانەی لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی هەمانە لە بەغدا، بەڵام لەهەمان کاتدا ئێمە داکۆکیش لەسەر مافە دەستوورییەکانی خۆمان دەکەین و بەهەموو شێوەیەک پارێزگاری لەو مافانە دەکەین.

دەزانین لەم ماوەیە پێشێلی ئەم مافانە کراوە، پێش ماوەیەک بینیمان کە حەتا جووتیارەکانی ئێمە غەدریان لێدەکرێت، لەسەر زەوییەکانیان دەردەکرێن و خەڵکی تر دێنن. ئەو کەسانەی ئێستا هاوردە کراون، شوێنگرەوەی ئەو جووتیارانەی کوردن، تورکمانن، خەڵکی رەسەنی ناوچەکەن، کە جێگرەوەیان بکەن.

من لەو وەختە لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی عێراق قسەم کرد و پێم گوت ئەمە پێشێلکردنی دەستوورە و ئەمە گۆڕینی دیموگرافیای ناوچەکەیە، کە پێویستە جەنابت وەکو سەرۆکوەزیرانێک، نەکەویتە ئەم جەبهەیە و وەکو سەرۆکوەزیرانی هەموو لایەک تەسەروف بکەیت و ئەم غەدرە قبووڵ نەکەیت. بەڵینی پێدام و گوتی ئیجرائات و بەدواداچوونی بۆ دەکەین. ئێمە هەوڵدەدەین بۆ ئەوەی ماددەی 140 وەکو خۆی جێبەجێبکرێت، هەرچەندە بەداخەوە، بەڵام لایەنەکەی تر زۆر پابەند نین بە رێککەوتنەکان. سەرەڕای ئەمەش ئێمە تا دوا قۆناغ هەوڵی ئەوە دەدەین شتەکان بە ئاشتییانە چارەسەر بکرێن، ئەگەر تەعدا و غەدریشمان لێکرا، لە خوا بەزیادبێت، بە پشتیوانی خوا و بوونی ئێوە تا دوا هەناسە بەرگریی لە خاک و نیشتمان و کەرامەتی ئەم میللەتە دەکەین و ئێمەش لە خزمەتتانین و لەگەڵتانین.

جارێکی تریش جەژنتان پیرۆز بێت و ئینشائەڵلا هەر سەرکەوتوو بن.


PM:05:54:30/06/2023