عێراق بڕیاریدا بە دامەزراندنی دەرچوانی بەشە پزیشکییەکان

وەزارەتی تەندروستی عێراق رەزامەندی لەبەرامبەر دامەزراندنی دەرچوانی بەشە تەندروستییەکان دەربڕی کە بڕیاری یاساکانی پلەبەندی پزیشکی دەیانگرێتەوە.

ئەمڕۆ چوارشەممە، وەزارەتی تەندروستی عێراق راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە کە تیایدا هاتووە بەپێی بڕیاری ژمارە ٦ی ساڵی ٢٠٠٠، وەزارەتی تەندروستی رەزامەندی دەربڕی لەبەرامبەر دامەزراندنی دەرچوانی بەشە پزیشکییەکان و بڕیاردراوە لەبەرامبەر ئەو شوێنانەی دەستنیشان کراون چێکیان بکرێتەوە.

وەزارەتی تەندروستی عێراق لە راگەیەندراوەکەیدا ئاماژەی بەوەش کردووە، بڕیارەکە بە رەزامەندی ساڵح مەهدی حەسناوی وەزیری تەندروستی عێراق و نوسینگەی ئەنجومەنی خزمەتگوزاری گشتی فیدڕاڵی و بەڕێوەبەرایەتی هەماهەنگی، بەدواداچون لە وەزارەتی تەندروستی دەرکراوە.

ئەم بڕیارەی وەزارەتی تەندروستی عێراق ئەو سێ هەزار دەرچوەی بەشە پزیشکییەکانی ناوچەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستانیش دەگرێتەوە، کە ماوەی ساڵانێکە دانەمەزراون.

ساڵی رابردوو هەزاران لە دەرچوانی بەشە پزیشکییەکان بە پاڵپشتی سەندیکای پزیشکانی عێراق خۆپیشاندانیان لە ناوەڕاستی ناوچەی سەوزی بەغدا ئەنجامدا و داوای جێبەجێ کردنی داواکارییەکانیان کرد کە سەرەکیترینیان دامەزراندنیان بوو.

بەپێی زانیارییەکان، زیاد لە ٦٠ هەزار دەرچوی پزیشکی لە عێراق هەیە بە دەرچوانی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمیشەوە.



PM:05:42:05/07/2023