"پێشوازی لە هەنگاوەکانی یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە دەکەین بە هاوسەنگی"

سەرۆکی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان ڕایدەگەیەنێت" پێشوازی لە هەنگاوەکانی یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە دەکەین لەسەر بنەمای هاوسەنگی هێز، هەر ویستێکیش لە دەرەوەی ئەم ئامانجە رەتدەکەنەوە". 

بەپێی راگەیەندراوێکی نووسینگەی سەرۆکی یەکێتی، بافڵ تاڵەبانی لە بارەگای فەرماندەی هێزەکانی ٧٠ لەگەڵ ژمارەیەک فەرماندە و ئەفسەری باڵای یەکە سەربازییەکان کۆبووەوە و لەبارەی دوایین هەنگاو و بڕیارەکانی رێکخستنەوە و چاکسازیکردن و درێژەدان بە مەشق و راهێنان و بەرزکردنەوەی توانای سەربازی و هەواڵگری هێزی پێشمەرگە رایگەیاند" هەموو هەوڵەکان بە ئاڕاستەی رێکخستنەوەی هێزەکان و ئامادەکردنەوەیەتی لەچوارچێوەی پەیکەربەندییەکی نوێدا تاوەکو هێزێکی نیشتمانیی تۆکمە بونیاد بنێین کە پارێزەری راستەقینەی بەرژەوەندییە نیشتمانییەکان بێت". 

وتیشی" پێشوازی لە هەنگاوەکانی یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە دەکەین لە سەر بنەمای یەکسانی و دادپەروەریی و هاوسەنگی هێز هەر ویستێکیش لەدەرەوەی ئەم ئامانجە باڵایە رەت دەکەینەوە، دەبێت هەموو هێزە سەربازی و ئەمنییەکان هاوکار و هەماهەنگبن، پێکەوە لە چوارچێوەی یاسا بەرکارەکاندا ئەرکەکانیان رابپەڕێنن و پارێزەری ژیانی خەڵک بن". 


PM:11:11:05/07/2023