هەناردەکردنی نەوتی هەرێم دەستیپێکردەوە

ئەمڕۆ دووشەممە هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان دەستیپێکردەوە کە رۆژانە زیاتر لە (١٥٠) هەزار بەرمیل نەوت رەوانەی پاڵاوگەکانی حکومەتی عێراق دەکرێت.
 
سەرچاوەیەکی باڵا لە وەزارەتی نەوتی عێراق لە لێدوانێکدا بە ڕووداوی ڕاگەیاند" ناردنی نەوتی هەرێمی کوردستان بە هاوئاهەنگی وەزارەتی نەوتی عێراقە و لە چوارچێوەی یاسای بودجەدایە، بەمەش یاسای بودجە لە ڕووی پرسی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان ١٠٠% چووەتە بواری جێبەجێکردنەوە و هیچ کێشەیەکی نەماوە". 
 
وتیشی" دوای ئەوەی ئەو بڕە نەوتەی کوردستان درایە پاڵاوگەکانی ناوخۆ، فرۆشتن و هەناردەی نەوتی کەرکوک دەستیپێکردەوە، بەڵام ئەمجارەیان لە ڕێگەی بەسرەوە". 
 
لەبارەی تورکیاشەوە، ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی بەوەشکرد، تورکیا تاوەکو ئەم ساتە بە فەرمی وەڵامی عێراقی نەداوەتەوە بۆ دەستپێکردنەوەی فرۆشتنی نەوتی کوردستان، بەڵام هیچ بیانویەک نەماوە و لە ڕووی تەکنیکییەوە عێراق و هەرێمی کوردستان ئامادەن و هەموو هاوئاهەنگییەکیان کردووە.


PM:12:01:10/07/2023