لەسەر دۆسیەی (ژینا ئەمینی) ٥٤ پارێزەری کورد بانگهێشتی دادگا دەکرێن

داواکاری گشتی شاری بۆکان (٥٤) پارێزەر کە بەرگری لە دۆسیەی ژینا ئەمینی دەکەن بانگهێشتی دادگا دەکەن. 

بەپێی هەواڵێکی ڕێکخراوی مافی مرۆڤ هەنگاو، داواکاری گشتی شاری بۆکان لە پارێزگای ورمێی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە ئاگادارییەکەدا کە بۆ (٥٤) پارێزەری ئەو شارەی ناردووە، تێیدا ئەو پارێزەرانە بەهۆی "بڵاوکردنەوەی وێنە، فیلم و بابەتگەلێکی پێچەوانەی پاراستنی بنەما گشتییەکان" بانگهێشتی دادگا کراون، بە پێچەوانەوە ئەگەر لە کاتی دیاریکراودا لە دادگا ئامادە نەبن، رێوشوێنی یاسایی دژیان دەگیرێتەبەر.

بانگکردنی ئەم پارێزەرانە لە کاتێکدایە، دوو ڕۆژ دوای گیان لەدەستدانی ژینا ئەمینی لە ١٨ی ئەیلولی ساڵی ڕابردوو بە بڵاوکردنەوەی بەیاننامەیەک پشتیوانی خۆیان لە بنەماڵەی ژینا ئەمینی و "پابەندبوون بە هەڵسوکەوتی نایاسایی لەلایەن دامەزراوە و ناوەندە حکومەتییەکانەوە" ئیدانە کرد و ئامادەیی خۆشیان دەربڕی لە دادگا بەرگری لە دۆسیەکە بکەن.

ژینا ئەمینی لە مانگی ئەیلولی ساڵی ڕابردوو لە وێستگەی حەقانی میترۆی تاران لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە، بە تۆمەتی (پابەندنەبوون بە باڵاپۆشی) دەستگیرکرا، دواترا گوێزرایەوە بۆ گرتووخانەی پۆلیس لە شەقامی وەزیرانی تاران، ئەو کەسانەی لەگەڵ ژینا دەستگیرکرابوون بە میدیاکانیان راگەیاندبوو، لە کاتی گواستنەوەی بۆ بەندیخانە، هێزە ئەمنییەکان لە ژینایان داوە و لە گرتووخانە دۆخی تەندروستی تێکچووە.

هەروەها ژینا ڕۆژی ١٦ی ئەیلولی ٢٠٢٢ لە نەخۆشخانەی کەسرای تاران بەهۆی سەختی برینەکانییەوە گیانی لەدەستدا، تا ئێستاش دادگا هیچ بڕیارێکی لەبارەی ئەو دۆسیەیە نەداوە.


AM:08:40:15/07/2023