بەریتانیا رەخنە لە مافی رەوشی مافی مرۆڤ لە هەرێم‌و عێراق دەگرێت


وەزارەتی دەرەوەی بەریتانیا لە راپۆرتی ساڵانەی خۆیدا لە بارەی مافەکانی مرۆڤ و دیموکراسی، ئاماژە بۆ ئەوە دەکات  دۆخی مافەکانی مرۆڤ لە عێراق و هەرێمی کوردستان خراپە.
 
لە راپۆرتەکەی وەزارەتی دەرەوەی بەریتانیا هاتووە " هەرێمی کوردستانی عێراق، رۆژنامەوانان بەبێ فەرمانی دادگە دەستگیر و دەستبەسەر کران، لە نێویاندا، پێش خۆپێشاندانێکی پلان بۆ دانراو لە مانگی ئابدا."

هەر لەو بوارەدا هاتووە مەودای رۆژنامەوانی سەربەخۆ و داکۆکیکارانی مافەکانی مرۆڤ سنووردارە. ئازادیی رادەربڕین بە بەکارهێنانی تۆقاندن و لێپێچینەوە، لە نێویشیاندا لەسەر چالاکیی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، بەرتەسک کراوەتەوە."
  
وەزارەتی دەرەوەی بەریتانیا ئەوەش دەخاتەڕوو "لە عێراق راپۆرت هەن لەسەر بەکارهێنانی بەربڵاوی ئەشکەنجە، لەوانەش بۆ ناچارکردنی خەڵک بەدانپێدانان."
 
وەزارەتی دەرەوەی بەریتانیا رەخنە لە دادگاکانی عێراق دەگرێت لەسەر ئەوەی کە لە ساڵی ٢٠٢٢، بەردەوامبوون لە جێبەجێکردنی سزای لە سێدارەدان، بەڵام لە ساڵی ٢٠١٦ـەوە هیچ سزایێکی لەو جۆرە لە هەرێمی کوردستان جێبەجێنەکراوە. 
 
هاتووشە "گرووپە چەکدارەکان بێ لێپێچینەوە بەردەوامبوون لە جموجوڵ، کوشتنی بەئامانج و تۆقاندنی چالاوانە سیاسییەکانیش بەردەوام بوو. ژنان و کچان بەردەوام بە نەریتی کۆمەڵایەتی، ئایینی و عەشایەریی نەریتخواز پەراوێزدەخران، رێژەی تووندوتیژیی لەسەر بنەمای جێندەر بەرز بوو، لەوانەش کوشتن بە بیانووی نامووس."
 
وەزارەتی دەرەوەی بەریتانیا هاوکات باس لەوە دەکات، ئەوان لەگەڵ حکومەتەکانی هەولێر و بەغدا کاریان کردووە بۆ ئەوەی "گوشار بکەن بۆ جێبەجێکردنی تەواوەتی و دابینکردنی پارە بۆ یاسای رزگاربووانی ئێزدی،" کە ئامانج لێی قەرەبووکردنەوەی کچان و ژنانی کوردانی ئێزدییە کە لە دەستی داعش رزگاریان بووە. 
 
راپۆرتەکە هەروەها ئاماژە بەوە دەکات، ئەو هەوڵانە "بوونە هۆی ئەوەی 17 ملیۆن دۆلار لە بودجەی لەناکاو تەرخانبکرێت و لە مانگی ئەیلوول پرۆسەی وەرگرتنی داواکاری بۆ قەرەبووکردنەوە دەستپێبکات."
 
لە بارەی کەرەساتی ژیانی ئێزیدیەکانەوە، وەزارەتی دەرەوەی بەریتانیا باس لەوەش دەکات کە "پێکەوەکارکردنی سنووردار" لەنێوان حکومەتی فیدڕالی و حکومەتی هەرێمی کوردستاندا هەبووە بۆ جێبەجێکردنی ئەو یاسایە، لە کاتێکدا کە لانیکەم دوو هەزار ژن و کچی کوردی ئێزدی هێشتا بێسەروشوێنن و "ئەو منداڵانەی لە ئەنجامی تووندوتیژیی سێکسی لە کاتی جەنگدا لە دایکبوون هێشتا پێویستیان بە ئاوێتەکردنەوەیە."



PM:10:05:16/07/2023