لەگەڵ نزیكبوونەوە لە ساڵیادی ژینا ئەمینی، (پۆلیسی ئاكار) لە ئێران چالاك دەكرێتەوە


لەگەڵ نزیكبوونەوە لە ساڵیادی كوژرانی ژینا ئەمینی، كچە كوردی رۆژهەڵاتی كوردستان كە مانگی ئەیلولی ساڵی رابردوو لەسەر پابەندنەبوون بە پۆشینی لەچك كوژرا، جارێكی دیكە (پۆلیسی ئاكار) لە وڵاتی ئێران چالاك كرایەوە.

دوای هەڵوەشاندنەوە و وەستاندنی كارەكانی بۆ ماوەی زیاتر لە 6 مانگ، جارێكی تر (پۆلیسی ئاكار) لە ئێران چالاك كراوەتەوە و چالاكوانانیش  دەڵێن "بەشێوەیەكی بەربڵاو لە شەقامەكاندا بڵاوەیان پێكراوە و دەستیان كردووە بە دەستگیركردن و سەركوتكردنی ئەو ژنانەی پەیوەست نین بە جێبەجێ كردنی حیجابەوە".

شەوبۆ خزری، پارێزەر و چالاكوانی مافەكانی مرۆڤ، بە (دەنگی ئەمەریكا)ی ڕاگەیاندووە "پۆلیسی ئەمنیەتی ئاكار ڕایگەیاند كە گەشتی ئیڕشاد دەست پێدەكاتەوە، باسی حیجاب هاتۆتەوە بەر باس، چونكە نزیك دەبینەوە لە ساڵیادی ژینا، دەیانەوێت ڕێكارەكان توند بكەن؛ خەڵك دەترسێنن تا هیچ نەكەن لە ساڵیادەكەدا"، هەروەها وتیشی "سەرجادەكان پڕكراونەتەوە لە پۆلیسی ئاكار. ژنانێكی زۆر ڕۆژانە دەستبەسەر دەكرێن و حوكم دەدرێن".

لەلایەكی دیكەوە سەردار سەعید مونتەزرلمەهدی، وتەبێژی فەرماندەیی پولیسی ئێران بە ئاژانسی هەواڵی تەسنیمی راگەیاندووە "ئۆتۆمبێلەكانی پۆلیسی چاودێریكردن لە سەرتاسەری وڵات بڵاوەیان پێكراوە بۆ چاودێری كردنی ئەو كەسانەی جلوبەرگی نائاسایی لەبەر دەكەن".

بەپێی ئامارەكانی ڕێكخراوی هانا بۆ مافەكانی مرۆڤ، تەنها لە مانگی 7ی ئەمساڵدا و لە ماوەی 17 ڕۆژدا، 2 چالاكوانی مەدەنی كوژراون و 47ی تریش دەستگیركراون.


هادی ڕەسوڵی، وتەبێژی ڕێكخراوی هانا بۆ مافەكانی مرۆڤ، بە (دەنگی ئەمەریكا)ی ڕاگەیاندووە "ترسی ئێران دەستپێكردنەوەی سەرهەڵدانەكانی ئێرانە، بە تایبەت كە نزیكین لە ساڵیادی كوشتنی ژینا ئەمینی".



PM:09:36:18/07/2023