ئەبوبەكر كاروانی: داعش موسڵمانە‌و ئیسلامیشە

‌ئەبوبەكر كاروانی
ئەبوبەكر كاروانی، ئەندامی سەركردایەتی یەكگرتووی ئیسلامی پێیوایە گروپی داعش موسڵمانن‌و ئیسلامیشن.

كاروانی لە دیمانەیەك لەگەڵ (باس)‌و لەوەڵامی ئەو پرسیارەی كە: داعش زۆر بەئاشکرا ھەموو ھێزە ئیسلامیەکانی کوردستانی پێ کافر بووە چونکە لەگەڵ دەسەڵاتێکی عەلمانیدا ھاوپەیمان و ھاوبەشن، ئاخۆ داعش ئیسلامە؟

دەڵێت: بەڵی داعش نەک ھەر موسڵمان بەڵکو ئیسلامییشن، من ھەرگیز لەگەڵ ئەوەدا نیم بۆ ئەوەی ئیدانەی داعش بکەین ئێمەش میکانیزمەکانی عەقڵیەتە تەکفیریەکانی ئەوان بەکار بھێنین و بە کافریان بزانین، بەڵکو بۆ ئەوەی رووبەڕووی داعش و دەستدرێژیەکانیشیان بۆ سەر خاک و گەلەکەمان ببینەوە پێویستمان بەوە نییە بە کافریان بکەین، چونکە باوەڕ تکا بۆ ھیچ دەستدرێژی و ستەمکارێک ناکات، ئەوان ھەر ئەوەندەی کە زوڵم و ستەم دەکەن، پەلامارمان دەدەن، بەپێی سورەتی (شوڕا) کۆمەڵێک نەک ھەر مافی بەرگریکردنی لە خۆی ھەیە، بەڵکو لەبەرانبەر زوڵم و ستەمکردن بەرگریکردن خەسڵەت و بنچینەی کۆمەڵی بڕوادارانیشە، لەبەرئەوە باوەڕی داعش نەک ھەر حەسانەیان بەرانبەر رووبەڕووبوونەوەی ئێمە بۆ دروست ناکات، بەڵکو بەپێی سورەتەکانی قورئان ستەمەکەیان قێزەونتر دەکات بە حوکمی ئەوەی پیرۆزیەکانی ئیسلامی تێکەڵ دەکەن، لەبەرئەوە ئەوان موسڵمان و ئیسلامن بەڵام لە رووی فکری و تێگەیشتن لە جەوھەری پەیامی ئیسلام و پێویستیەکانی ژیانی سەردەمیانە سەرلێشێواون و رەفتارەکانیان بەئەندازەی دوژمنێک زیان بە ئیسلام و کۆمەڵگە موسڵمانەکان دەگەیەنێ.



PM:02:30:16/09/2014