لە مڕۆوە چیتر خاوەنی پاسپۆرتی دۆمینیکان ناتوانن بچنە بەریتانیا

لە مڕۆوە چوار شەممە ١٩ ی تەموز چیتر ئەو کەسانەی لە جیهاندا، بە کوردستان و عێراقیشەوە خاوەنی پاسپۆرتی دۆمەنیکانە ناتوانن بەبێ ڤیزا بچنە وڵاتی بەریتانیا.

بەپێی نوسراوێک کە بۆ زۆربەی فڕۆکەخانەکانی جیهان نێردراوە، حکومەتی بەریتانیا رەتیدەکاتەوە کە خاوەنی پاسپۆرتی دۆمەنیکان بەبێ وەرگرتنی ڤیزا رێگایان بدرێت بچنە ئەو وڵاتەوە کە جاران دەیانتوانی بێ ڤیزا بچنە ئەو ولآتە.

جگە لە خاوەن پاسپۆرتی دۆمەنیکان، حکومەتی بەریتانیا رێگا بە هاوڵاتیانی وڵاتانی هەندوراس و نامیبیا و تەیموری رۆژهەڵات و فانواتواش نادات کە بەبێ وەرگرتنی ڤیزا بچنە ئەو وڵاتەوە.

بڕیارەکە لەمڕۆوە چوار شەممە ١٩ ی تەموز کاتژمێر ٣ بە کاتی گرینچ دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوەو، وەک هەنگاوێکە بۆ بەرگرتن لە کۆچکردن بۆ ئەو وڵاتە.

لە هەرێمی کوردستان بە هەزاران کەس پاسپۆرتی دۆمەنیکان و ئەو وڵاتە دوور و بچوکانەیان بە بڕێک پارەی زۆر کڕیووە بۆ ئەوەی بتوانن لە وڵاتانی ئەوروپا و بەتایبەتی بەریتانیان نیشتەجێبن، بەڵام بەپێی ئەو بڕیارە چیتر خاوەنی ئەو جۆرە پاسپتۆرە ناتوانن بەبێ وەرگرتنی فیزای بەریتانیا بچنە ئەو وڵاتەوە.



PM:03:25:19/07/2023