جاسەنە: سەرلەنوێ حوكمدانی شێروان شێروانی، ئاماژەیە بۆ قۆناغێكی مەترسیداری سەركوتكردن


رێكخراوی جاسەنە بۆ ئازادی بیروڕا و میدیا، سەرلەنوێ حوكمدانەوەی شێروان شێروان بە چوار ساڵ زیندانیكردن، بە ئاماژە بۆ قۆناغێكی مەترسیداری سەركوتكردن دادەنێت.

رێكخراوی جاسەنە بۆ ئازادی بیروڕا و میدیا لە راگەیەنراوێكدا رایگەیاندووە "ئەمڕۆ ٢٠ی تەموزی ٢٠٢٣ جارێكی تر لەسەر داوایەكی نوێ كە ئەمجارە بەڕێوەبەرایەتی چاكسازی گەورانی هەولێر تۆماریكردووە، دادگای هەولێر و لەرێگای هەمان دادوەری پێشووی كەیسەكەی شێروان شێروانی، حوكمێكی نوێی چوار ساڵەی بۆ ئەو رۆژنامەنووسە بە تۆمەتی "تەزویر" دەركرد، بەمەش لە ساڵی ٢٠٢٠ەوە بە دوو جار حوكمی ١٠ ساڵ زیندانیكردن بۆ ئەو رۆژنامەنووسە دەركراوە".

جاسەنە ئاماژەی بەوەكردووە "حوكمی ئەمجارەی دادگای هەولێر كە تۆمەتی "تەزویری" داوەتە پاڵ شێروان شێروانی گوایە پەنجە مۆری بۆ گوهدار زێباری هاوڕێی زیندانی لە كاتی بڕیاری ئازادكردنی بەمەرجدا بۆ كردووە"، ئەو تۆمەتە كە لەلایەن شێروان شێروانی و گوهداری زێباری هاوڕێیەشیەوە لەبەردەم دادوەردا بە توندی رەتكرایەوە، بەڵام دادگاكە سووربوو لەسەر دەركردنی حوكمێكی چوار ساڵەی نوێ بۆ شیروان شیروانی".

رێكخراوی جاسەنە دەڵێت "هەر لەسەرەتای دەستگیركردنی شێروان شێروانی و دەیان چالاكوان و رۆژنامەنووسی دەڤەری بادینان لە ساڵی ٢٠٢٠ەوە تا ئەمڕۆ، هەموو ئەم دەستگیركردانانە بە گرتنێكی سیاسی دەزانین و، تاكە هۆكارێك بۆ دەستگیركردنی ئەو هاوڵاتیانە بە درێژایی چوار ساڵی رابردوو كە حوكمی جیاجیا دراون و لە زینداندا بوون، جیاوازی بیروڕای سیاسیانە لەگەڵ پارتی دیموكراتی كوردستان".

هەروەها باسی لەوەكردووە "ئەو حزبە بە تایبەتی لە دەڤەری بادینان و هەولێر بۆ تۆڵە سەندنەوە و بێدەنگكردنی ئەو دەنگە جیاوازانە، دامودەزگای ئەمنی و حوكمی و دادگاكانیشی خستۆتە خزمەت حزبەكەیەوە تاوەكو تۆڵەیان لێبكاتەوەو بێدەنگیان بكات".

جاسەنە روونیكردۆتەوە "ئەم حوكمەی ئەمڕۆی دادگای هەولێریش، نەك هیچ مانایەك بۆ سەروەری یاسا لە هەرێمی كوردستاندا ناهێڵێتەوە، هاوكات داكوتانی دوا بزمارە بەو پەراوێزە ئازادییە كەمەی كە لە كوردستاندا مابوو".

هەروەها دەڵێت "رێكخراوی جاسەنە هەست بە مەترسی خراپی دۆخی ئازادی بیروڕاو ئازادی رۆژنامەگەری لە هەرێمدا دەكات و، پێیوایە خەریكە بە تەواوی دۆخێكی مەترسیداری تاریكی دیكتاتۆری باڵ بەسەر هەرێمدا دەكێشێت، هەربۆیە داوا لە سەرجەم رێكخراوەكان و رۆشنبیران و رۆژنامەنووسان و چالاكوانان دەكات كە لەم زوڵم و سەركوتكارییەی ئەم دەسەڵاتە نادیموكراسییە بێدەنگ نەبن".



PM:10:24:20/07/2023