شەپۆلێکی تاوە باران و ھەورە بروسکە ڕوو لە هەرێم دەکات

شارەزایەكی كەشناسی ڕایدەگەیەنێت" سبەینێ شەممە ئەگەری تاوە باران و ھەورە بروسکە لە بەشێکی ناوچە شاخاوییەکان دەبێت". 

ئاراس جەبار شارەزای بواری كەشناسی ڕایگەیاند" سبەی شەممە ٢٢-٧-٢٠٢٣ ئاسمان ھەرێم بە زۆری ساماڵ و لەکاتەکانی پاش نیوەرۆدا لە ناوچەکانی سنوری پارێزگای سلێمانی و ئیدارەی راپەرین و ناوچە شاخاویەکانی ڕۆژھەڵاتی پارێزگای ھەولێر ئاسمان دەگۆرێت بۆ پەڵە ھەور و ھەندێک کاتیش نیمچە ھەور". 

ڕاشیگەیاند" بۆ ماوەیەکی کورت لە ھەندێ ناوچە شاخاوییەکان بە تایبەت سنوری قەزای چۆمان ئەگەری دروستبوونی کەڵەکە ھەوری بروسکە و تاوە باران دەبێت". 

ئەوەشی خستەڕوو، پلەکانی گەرما بەرێژەی ١ پلە بەراورد بە ئەمرۆ بەرزتر دەبێت و بای باکوری ڕۆژھەڵات لە کاتەکانی سبەی شەودا لە ناوچەکانی سنوری پارێزگای سلێمانی و ئیدارەی راپەرین چالاک دەبێتەوە بەخێرای ١٥-٣٥ کم لە کاتژمێرێکدا. 


PM:02:16:21/07/2023