ئامۆزایەكی محەمەد سۆفی: سوتانی ئوتومبیلەكەی محەمەد سروشتی نەبووە


ئامۆزایەكی محەمەد سۆفی، ئەو كەسەی كە پێشتر بەرپرسی پارتی بووە لە قەزای زاخۆ و شەوی رابردوو لە رووداوێكدا لەناو ئوتومبیلەكەیا سووتا و گیانی لەدەستدا رایدەگەیەنێت "رووداوی سووتانی ئوتومبیلەكە سروشتی نەبووە و دەستپێكی لەپشتە".

ئامۆزایەكی محەمەد سۆفی بە (رووداو)ی راگەیاندووە "حكومەت و حیزب لێكۆڵینەوە لەڕووداوەكە دەكەن، محەمەد پیاوێكی نیشتمانپەروەر بوو، هیچ دوژمنداریمان لەگەڵ كەسدا نییە، سووتانی ئوتومبیلەكەش سروشتی نەبووە و دەستێكی لە پشتە، چونكە ئوتومبیلەكە بەتەواوی سووتاوە". 

هەروەها وتویەتی "داوا لە حكومەت و حیزب دەكەین لێكۆڵینەوەی باشتر بكەن و بكەرانی ئاشكرا بكەن، چونكە كوڕی حكومەت و حیزب بووە و ئومێدەواریشین بكەرانی ئاشكرا دەكات".

ئەمڕۆش مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێم (ماوە درێژكراوە) رایگەیاند  " شەوی ڕابردوو و لە كردەوەیەكی گوماناویدا، ئۆتۆمبێلی عەمیدی خانەنشین محەمەد میرزا یونس سۆفی لە ناو شاری زاخۆ تەقییەوە و بەمەش ئەم ئەفسەرە ماندوونەناسەی ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان شەهید بوو". 

دەشڵێت" لەم بارەوەش دامودەزگا پەیوەندیدارەكانم ڕاسپاردووە لێكۆڵینەوەیەكی ورد لەم ڕووداوە بكەن و ئەو دەستانە ئاشكرا بكەن كە لە پشت ئەم تاوانەوەن".
 



PM:03:25:24/07/2023