زانیاری نوێ سەبارەت بە هەناردەكردنەوەی نەوتی هەرێم


بڕیارە لە دوای سەردانی رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆكی توركیا بۆ عێراق دۆسیەی ئاو و هەناردەی نەوتی هەرێمی كوردستان چارەسەر بكرێت.

حسێن عەلاوی، راوێژكاری سەرۆك وەزیرانی عێراق بۆ كاروباری ئابوری رایگەیاندووە، دۆسیەی هەناردەی نەوتی هەرێم بۆ توركیا بەم زووانە چارەسەر دەكرێت و چەند رێكارێكی تەكنیكی بە هەماهەنگی لە نێوان وەزارەتی نەوتی عێراق و وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی هەرێم جێبەجێ دەكرێت.

ناوبراو ئاماژەی بەوەكردووە، توركیا بەشداری لە پڕۆژەی رێگەی وەبەرهێنان كردووە جا لە كۆنگرەی یەكەم بووبێت لەگەڵ محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیران یان لە كۆنگرەی دووەم بووبێت لەگەڵ رەزاق محێبس وەزیری گواستنەوە.

هەروەها وتویەتی "لە دوای سەردانی سەرۆك وەزیرانی عێراق بۆ توركیا لێكتێگەیشتن لەسەر دۆسیەی ئاو كرا و لە ئێستاشدا وەزارەتی سەرچاوە ئاوییەكان و وەزارەتی دەرەوە سەرقاڵی دانوستان و دانانی بەرنامەن بۆ ئەو و پرسە و دوای سەردانی ئەردۆغان دۆسیەی ئاو یەكلایی دەبێتەوە."



PM:08:19:27/07/2023