لیوا ڕوکن بەختیار: پەیوەندی نێوان تیمی یەکێتی و پارتی لە ناو وەزارەتی پێشمەرگە پچڕاوە

ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، "پەیوەندی نێوان تیمی یەکێتی و پارتی لە ناو وەزارەتی پێشمەرگە زۆر خراپە، کاری پێکەوەیی نەماوە و یاسا و ڕێساکان پێشێل دەکرێن".

لیوا ڕوکن بەختیار محەمەد، ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگە، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند"پەیوەندی نێوان تیمی یەکێتی و پارتی لە ناو وەزارەتی پێشمەرگە پچڕاوە و ڕێز و حورمەت نەماوە، وەزعێکی زۆر خراپە، بریکاری وەزیری پێشمەرگە فەرمانێکی دەرکردووە و وتویەتی، دەبێت پشکی یەکێتی و پارتی لە وەزارەتی پێشمەرگە ٥٧٪ بۆ پارتی و ٤٣٪ بۆ یەکێتی بێت. منیش بە نووسراوی فەرمی وەڵامم دایەوە. ئەو دەسەڵاتەی نییە بڕیارێکی لەو جۆرە بدات و٥٠ بە ٥٠ کاتی خۆی و لە دۆخێکی سیاسیدا بڕیاری لێدراوە."

هەروەها وتیشی"بڕیارەکەی بریکاری وەزارەت کاریگەری لەسەر پەیوەندی نێوان یەکێتی و پارتی و هێزەکانی ٧٠و ٨٠ ش دەبێت، کاریگەریشی لەسەر جێبەجێکردنی یاداشتی لێکتێگەشتن دەبێت کە بە سەرۆکی حکومەت و جێگرەکەی و وەزارەتە پەیوەندییدارەکان و هاوپەیماناناوە، هەشت لایەن واژووی کردووە."

 لیوا ڕوکن بەختیار دەڵێت، "بریکاری وەزارەتی پێشمەرگە وتیەتی [ لەسەرەوە ئەمەم پێوتراوە و حزبەکەم ڕازی نابێت بە ٥٠ بە ٥٠ ، چونکە خەڵکمان زیاترە و کورسی پەرلەمان و جوگرافیای زیاترمان بەدەستەوەیە.] ئێمەش وتمان پەرلەمان نەماوە و حکومەت چووەتە قۆناغێکی تایبەتەوە، با هەڵبژاردن بکرێت، دواتر لەسەر بنەمای ڕێککەوتنێکی تازە ئەم دۆخە موناقەشە دەکەین، لەم کاتەدا کە جێبەجێکردنی یاداشتی لێکتێگەیشتن لە قۆناغی جێبەجێکردندایە، هەست ئەکەین ئەم داواکارییە وەکو بۆمب وایە و متمانە ناهێڵێت، دۆخە سیاسییەکە ئاڵۆزتر دەکات."

کۆتایی مانگی ڕابردوو، جێگری یاریدەدەری وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا بۆ کاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، هۆشداری وڵاتەکەی گەیاندە بەرپرسانی هەرێم لە ڕاوەستانی هەنگاوەکان بۆ یەکخستنەوە و رێکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە.

ئاماژەی بەوەشدا، بریکاری وەزارەت دەڵێت وەکو پارتی ٥٠ بە ٥٠ قبوڵ ناکەین، یەکێتیش دەڵێت ٥٧ بە ٤٣ قبوڵ ناکەین، بۆیە دواجار کێشەی تر دروست دەبێت.



PM:11:46:29/07/2023